بەھۆی قەیرانی داراییەوە ژمارەیەکی زۆری پزیشکانی كوردستان چوونەتە دەرەوەی وڵات
وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەدوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای هەڵەبجە و کارمەندانی تەندروستی و چالاکوانانی مەدەنی شارەكە، بۆ دەزگاکانی راگەیاندن گوتی "بەھۆی قەیرانی داراییەوە ژمارەیەکی زۆری پزیشکان چوونەتە دەرەوەی وڵات، بۆیە ئێستە پزیشک وەک جاران نییە، بەنموونە ساڵی پار لە سنووری سلێمانی و ھەڵەبجە ١٤٦ پزیشکی پلەبەند دابەش کراوە، بەڵام ئەمساڵ ٧٠ پزیشک دابەش کراوە، ئەوی تری چوونەتە دەرەوەی وڵات، بۆیە ژمارەی پزیشکان لەئاست خواستەکانی ئێمەدا نییە".
دکتۆر رێکەوت حەمەڕەشید گوتی "بۆ چارەسەری کێشەکانی کەمی پزیشک لە کەرتی تەندروستی ھەڵەبجە، بڕیارمان دا بەدابینکردنی ١٠ پزیشکی موقیم بەمیلاک، لەگەڵ ناردنی ١١ پزیشکی پسپۆڕ بۆ ھەڵەبجە، لەگەڵ ناردنی ١٠ پزیشکی پلەبەند بۆ مەڵبەندە تەندروستیەکان. ھەرچەندە لێرە گلەیی ئەوە دەکرێت کە ژمارەی پزیشکان بەراورد بەشارەکانی تر کەمترە، بەڵام لە شارەکانی تریش کێشەی پزیشکمان ھەیە".
گوتيشی "ئێمەش بەردەوام دەبین ھەر رێژەیەک پزیشکمان بۆ دابمەزرێنرێ رێژەی ھەڵەبجە دەنێرین، خۆشتان دەزانن پزیشک وەکو بەشەکانی تر نییە ئێمە دایمەزرێنین، ھیچ پزیشکێکی گشتی نییە لە ھەرێمی کوردستاندا دانەمەزرابێ ژمارەیەکی کەم ماوە، بۆ ئەمساڵ بۆ سنووری پارێزگای ھەڵەبجە ١٣٠ پزیشک دامەزراوە، لەو ژمارەیە ھەندێکیان چوونەتە دەرەوەی وڵات و ژمارەیەکیشیان لە نەخۆشخانەی شۆڕش دامەزراون ئەوی تری ماوە وەک میلاک دابەشمان کردووە بەسەر شوێنەکاندا".
BAS NEWS-
