خورماتوو.. کات و نرخی کارەبای مۆلیدە ئەھلییەکان دیاری کرا

 خورماتوو.. کات و نرخی کارەبای مۆلیدە ئەھلییەکان دیاری کرا
بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی شارۆچکەی خورماتوو، ئاماژە بەوە دەدات کە نرخ و کاتی کارەبای مۆلیدە ئەھلییەکان، دیاری کران و ھەر خاوەن مۆلیدەیەک سەرپێچی بکات، سزا دەدرێت.

محەمەد فایەق، بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو، ئەمڕۆ یەکشەممە 5/3/2017 ڕای گەیاند: "قایمقامی خورماتوو، بە ڕێککەوتن لەگەڵ لێژنەی وزەی ئەنجومەنی شارۆچکەی خورماتوو، بڕیاری دیاریکردنی نرخ و کاتی مۆلیدە ئەھلییەکانیان دا".

بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو، دەربارەی خشتەی کارەباکە، ئەوەی خستەڕوو: "بڕیاردرا کارەبای مۆلیدە لە کاتژمێر 4ی ئێوارەوە تا کاتژمێر 12ی نیوەشەو ھەبێت، ھەروەھا لەکاتی پچڕانی کارەبای نیشتمانی، دەبێت مۆلیدە ئەھلییەکان ھەڵبکرێن، بە پێچەوانەوە، ئەوا خاوەن مۆلیدەکان بەپێی ئەو یاسایەی کە لە ئەنجومەنی شارۆچکەکە نووسراوە، سزا دەدرێـن".

گوتیشی: "نرخی ھەر ئەمپێرێکیش بە 5 ھەزار دینار خەملێندرا".










باسنيوز
Top