ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت: حەشدی شەعبی و پاسداران فەرمانی شەڕکردنیان بە پەکەکە داوە
بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە ژمارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 5\3\2017ی ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی لەندەنیدا بڵاو کراوەتەوە، یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) کە سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە، لەلایەن حەشدی شەعبییەوە مانگانە مووچەیان پێ دەدرێت. جگە لەوەش، لە ماوەی ڕابردوودا ئەفسەرانی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران لە ماوەی ڕابردوودا لە شنگال، سەردانی بارەگاکەیانی کردووە و چۆنیەتی پڕچەککردنیانی بە چەکی قورس تاوتوێ کردوون.
لەمبارەیەوە سەرکردەیەکی حزبی دەعوەی ئیسلامی کە نووری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەکە ئەوەی نەشاردووەتەوە کە یەبەشە لەسەر داوای مالیکی و بە هەماهەنگی لەگەڵ پاسدارانی ئێران لەلایەن پەکەکەوە دروست کراوە، پاش ئەوەی ناوچەیەکی شنگال و چەند گوندێکی کوردانی ئێزدی کەوتوونەتە دەست پەکەکە.
سەرکردەکەی حزبی دەعوە کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە ڕۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی ڕاگەیاندووە: ”ئامانج لە دروستکردنی یەبەشە، زامنکردنی باڵادەستیی حەشدی شەعبییە لەسەر ڕێگەی وشکانیی نێوان عێراق و سووریا، بۆ گەیاندنی پشتیوانیی سەربازی بۆ هێزە ئێرانییەکان و میلیشیاکانیان لە سووریا، چونکە ئەو ڕێگەیە ستراتیژی و زۆر گرنگە و ئێران لە باڵادەستیی پێشمەرگە لەو ناوچەیە دەترسێ“.
ئاماژەشی بەوە داوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێشتر بە فەرمی و چەند جارێک داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە کە ڕێگەیەک بۆ گواستنەوەی چەک و هێز بۆ سووریا بکاتەوە، بەڵام هەولێر ئەو داوایەی بە توندی ڕەت کردووەتەوە.
ڕۆژنامەکە دەڵێت: ”هەڵگیرساندنی شەڕ لە نێوان کوردەکان، ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ هێزەکانی حەشدی شەعبی کە بە ناوی هێزی ئەمنییەوە خۆیان بگەیەننە شنگال و ڕێگە لەبەردەم هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حزبەکانی دیکەی کوردستان بگرن کە لە پێناو سەربەخۆیی کوردستان دەیدەن“.
هاوکات لە زاری چەند شایەتحاڵێکەوە ئەوەی ئاشکرا کردووە کە پێش ئەو شەڕەی ڕۆژی هەینی 3\3\2017 پەکەکە لە شنگال دژی پێشمەرگە هەڵیگیرساند، هەلیکۆپتەری عێراقی بینراون کە لە نزیک بارەگاکانی یەبەشە نیشتوونەتەوە و بەرپرسێکی باڵاش سەردانی کردوون. چەکدارانی یەبەشە ئەوەیان بە ڕۆژنامەکە گوتووە کە ئەو کەسانەی سەردانی یەبەشەیان کردووە، ئەفسەرانی پاسدارانی ئێرانین و بەردەوام لەگەڵ سەرانی حەشدی شەعبی، سەردانی بارەگاکانیان دەکەن و چاویان بە فەرماندەکانیان دەکەوێت. دووپاتیشی کردووەتەوە: ”لە ڕۆژانی ڕابردووشدا چەندین سەردانی بەرپرسانی سەربازیی فەیلەقی قودسی ئێرانی ئەنجام دراوە کە قاسم سولەیمانی سەرۆکایەتی دەکات. دوای کۆبوونەوەکان فەرمان بۆ یەبەشە دەرچوو کە ڕێگە لە پێشمەرگە بگرن“.
باسنیوز
