سەرکردەیەکی پارتی: هەندێک لایەنی سیاسی پێیان خۆش نییە کێشەکانی کوردستان چارەسەر ببن

سەرکردەیەکی پارتی: هەندێک لایەنی سیاسی پێیان خۆش نییە کێشەکانی کوردستان چارەسەر ببن
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی ڕای دەگەیەنێت، ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان ھیچ پەیوەندیی بە شەڕی داعشەوە نییە و "ھەر کاتێک توانیمان سەربەخۆیی بپارێزین، ڕای دەگەیەنین."



عەلی تەتەر، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕاگەیاند: ئەگەر شتێک ئەزموونمان لەسەری ھەبێت و پێشتر شکستمان لەسەری ھێنابێت، ئامادە نین دووبارە لەسەر ھەمان ڕێگا بڕۆینەوە، ئەو لایەنە سیاسییانەی کە بابەتی پاشگەزبوونەوەی پارتی لەدەست پێشخەرییەکەی دەورووژێنن، بڕوایان بە چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستای ھەرێمی کوردستان نییە، چونکە ھەندێک لایەنی سیاسی ھەن پێیان خۆش نییە کێشەکان چارەسەر ببن".



ئەوەشی ڕوون کردەوە: "حکوومەت بنکە فراوان بێت یا دوو لایەن، یا تاک لایەن بێت، نابێتە کێشە، چونکە لە زۆربەی وڵاتانی دونیا حکوومەتی بنکە فراوان ھەیە و سەرکەوتووشە، دەوڵەتیش ھەیە دوو لایەن بەڕێوەی دەبات، بەڵام سەرکەوتووش نین، ئەوەش دەکەوێتە سەر ئەجێندای لایەنەکانیان، بەڵام لە ھەرێمی کوردستان کاتێک یەک دوو لایەنی سیاسی ھاتنە ناو دەسەڵات و حکوومەتەوە کە لە بنەڕەتدا باوەڕیان بە حکوومەت نەبوو، ھەروەھا بوونە ھۆکاری ئەو دۆخەی ئێستا دەگوزەرێت".



ئەو بەرپرسەی پارتی پێی وایە، سەربەخۆیی کوردستان پەیوەندیی بە شەڕی داعش و کۆنترۆڵ کردنەوەی تەواوی مووسڵەوە نییە، بەڵکوی ھەر کاتێک کوردستان ئامادەیی ئەوەی ھەبوو سەربەخۆ بێت و توانی پارێزگاری لە سەربەخۆیی ھەبێت، ئەوا سەربەخۆی ڕادەگەیەنن".




باسنيوز
Top