ئەحمەد عەسکەری: بە گەڕانەوەی نەجمەدین کەریم لەگەڵ بەغدا ‌دەکەوینە گفتوگۆ

ئەحمەد عەسکەری: بە گەڕانەوەی نەجمەدین کەریم لەگەڵ بەغدا ‌دەکەوینە گفتوگۆ
سەرۆكی لیژنەی نەوت ‌و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك رایگەیاند، بە گەڕانەوەی د.نەجمەدین كەریم لە دەرەوەی عێراق، گفتوگۆكانی بەغدا‌ و كەركووك لەسەر بەشە پارەی پیترۆ دۆلاری كەركووك دەستپێدەكات ‌و دەشڵێت "بەغدا 2 ترلیۆن دینار پارەی پتڕۆ دۆلاری كەركووك قەرزدارە".

ئەحمەد عەسكەری، سەرۆكی لیژنەی نەوت ‌و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە تۆڕی میدیایی رووداو ی راگەیاند: "بە گەڕانەوەی د.نەجمەدین كەریم كە ئێستا بەسەردانێك لەدەرەوەی وڵاتە، گفتوگۆكانی وەزارەتی نەوتی عێراق ‌و ئیدارەی پارێزگای كەركووك، لەسەر پارەی پیتڕۆ دۆلاری كەركووك ‌و چەند پرسێكی دیكە دەستپێدەكات".

سەرۆكی لیژنەی نەوت ‌و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك گوتی "چیدیكە خەڵكی كەركووك ئارامی نەماوە، داوای هەموو ئەو مافانە دەكات، كە ماوەیەكی زۆرە لێی زەوت كراوە، هەر بەنموونە نزیكەی 5 ساڵە بەغدا پارەی پیترۆ دۆلاری كەركووكی نەداوە، كە دەكاتە نزیكەی 2 ترلیۆن دینار، بڕیاریشە ئەمڕۆ یەكشەممە 5-3-2017 ، د.نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك كە بەسەردانێك لەدەرەوەی وڵاتە، بگەڕێتەوە كەركووك، بە گەڕانەوەشی گفتوگۆكانی وەزارەتی نەوتی بەغدا‌و ئیدارەی پارێزگاكە لەسەر ئەو پرسانە دەستپێدەكات".

سەرۆكی لیژنەی نەوت ‌و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، باسی لەوەش كرد: "هەرچەندە مانگانە هەرێمی كوردستان 10ملیۆن دۆلار پارەی پیترۆ دۆلاری نەوتی كەركووكیان پێدەدا، بەڵام لەگەڵ هەرێمی كوردستانیش بێ‌ گرفت نین". لەبارەی هۆكارەكەشی گوتی "راستە هەرێمی كوردستان مانگانە 10ملیۆن دۆلار دەداتە كەركووك، بەڵام ئەوش وردەكارییەكەی نازانین، هەرێمی كوردستان چەند نەوتی كەركووك دەفرۆشێ‌ و وردەكارییەكان چین، دەبێت لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستانیش بۆ ئەو وردەكارییانە بكەوینە گفتوگۆ".

ئەحمەد عەسكەری جەختی لەوەش كردەوە، ئەگەر هێزێكی یەكێتی لە هەفتەی رابردوو ئەو كارەی نەكردایە، كە بۆماوەیەك چوونە سەر كۆمپانیای نەوتی باكوور ئەوا "دوور نەبوو خەڵكی هێرشیان بكردایەتە سەر كۆمپانیاكە‌و كارەساتی گەورە روویبدایە، بۆیە خەڵكی كەركووك دەستخۆشیان لەو كارەی یەكێتی كرد".

رۆژی پێنجشەممە 2-3-2017 هێزێكی یەكێتی بۆ ماوەیەك چوونە سەر كۆمپانیایی نەوتی باكوور، و تاوەکو ئێستاش لە شوێنی خۆیان ماون.




رووداو
Top