پەرلەمانتارێکی پارتی: جارێکی دیکە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بە گۆڕان نادرێتەوە

 پەرلەمانتارێکی پارتی: جارێکی دیکە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بە گۆڕان نادرێتەوە
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی ڕای دەگەیەنێت، جارێكی دیکە ڕێگا نادرێت سەرۆكایەتی پەرلەمان بە بزووتنەوەی گۆڕان نادرێت.



فەرحان جەوهەر، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی ڕاگەیاند: "ئێستا لە هەرێمی كوردستان یەكێتی و پارتی باڵادەستن، هەروەها بۆ باشتركردنی ئەم دۆخە و بەرەوپێشبردنی و ئاساییكردنەوەی تەنیا بە ڕێككەوتنی نێوان ئەو دوو لایەنە چارەسەر دەكرێت، بەڵام بۆ ئەو مەبەستەش مەرج نیە بزووتنەوەی گۆڕان وەلا بنێرێت، چونكە پۆستیان لە حكوومەتدا هەیە و دەتوانن بگەڕێنەوە، بەڵام پۆستی سەرۆكایەتیی پەرلەمان جارێكی دیكە بە بزووتنەوەی گۆڕان نادرێت ئەوە بابەتێكە لەلای ئێمە یەكلایی كراوەتەوە".



ئەو ئەندام پەڕلەمانەكی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، بزووتنەوەی گۆڕان دەتوانێت لەبری پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەمان داوای پۆستی دیکە بكات، یان دەتوانێت پۆستی جێگری سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەربگرێت".



گوتیشی: "هیچ لایەنێك ناكرێت ببێتە نوێنەری لایەنێكی دیکە و بڵێت "مەغدور بوون" ئەگەر وابێت، لایەنەكانی دیكە خۆیان دەتوانن قسە بكەن، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە هیچ شێوەیەك ئامادە نین بگەڕێنەوە بۆ ئەو چوارگۆشەی یەكەم كە پێكهاتەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان لەدەستی گۆڕان بێت، ئێستاش پارتی لە چاوەڕوانیی وەڵامی یەكلاكەرەوەی یەكێتی دایە تا بڕیاری خۆی بدات، چونكە تەنیا ڕێككەوتنی یەكێتی و پارتی چارەسەری ئەو دۆخە دەكات".








باسنيوز
Top