یەپەگە دەیان ئەندامی پارتە سیاسییەکانی لە رۆژئاوای کوردستان دەستگیر کردووە

یەپەگە دەیان ئەندامی پارتە سیاسییەکانی لە رۆژئاوای کوردستان دەستگیر کردووە
لە رۆژئاوای کوردستان ئاسایش و شەڕڤانانی یەپەگە دەیان ئەندامی پارتە سیاسییەکانیان دەستگیرکردن، لە کۆبانی 10 ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سوریا و لە عەفرینیش چەندین ئەندام لە نیویاندا عەبدولڕەحمان ئاپۆ لە سەرکردایەتی ئەنەکەسە دەستگیرکران.

لە سەرێ کانیێ هەڕەشە لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سووریا کراوە، پێیان گوتوون واز لەو حیزبانە بێنن کە لەگەڵ ئەجێندای پەکەکەدا نین، هەروەها پەیەدە لایەنگرانی خۆی خستەسەر شەقامەکان دژی پێشمەرگە و پارتی دیموکراتی کوردستان هوتافیان کێشا.

ئەو شەڕەی لە ناوچەی شنگال لەنێوان پێشمەرگەکانی هێزی رۆژی رۆژئاوای کوردستان و یەبەشەی سەر بە پەکەکە روویدا، لە رۆژئاوای کوردستان کاردانەوەی نەرێنی بەدوای خۆیدا ھێنا.

ئەمە بووە ھۆی ئەوەی ئاسایش و ھێزە چەکدارەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، گەمارۆی نووسینگەکانی حیزبە سیاسییەکان بدەن و ھێرشکرایە سەر نووسینگەکانی سەر بە ئەنەکەسە لە قامشلۆ و دێرک و درباسیێی و سەرێکانیێ. لە ئەنجامدا لەلایەن ھێرشبەرەکان بەشێکی نووسینگەکان سووتان و کەلوپەلی نێو ھەندێک بارەگاکان تێکشکێندران. لە ھەمانکاتدا نزیکەی 20 ئەندامی پەدەکەسە و ئەنەکەسە لەلایەن ھێرشبەرەکانەوە دەستگیرکراون.

موحسین تاھیر، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پەدەکەسە بە رووداوی راگەیاند: "لەچەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان ھێرشکارانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ھێرشیانکردە سەر بارەگای حیزبەکانی نێو ئەنەکەسە و ئاڵای کوردستانیان لەسەر بارەگاکان و ماڵەکانیان داگرت".

بەپێی زانیارییەکانی حیزبەکانی نێو ئەنەکەسە ، لە شاری سەرێکانیێ ئۆتۆمبێلێکی گەڕۆکی پەیەدە بەنێو کۆلانەکانی شارەکەدا گەڕاوە و داوایان لە خەڵکی کردووە لەبەردەم ماڵی گەل کۆببنەوە و بەناوی ئەنەکەسە پشێوی لە گەڕەکەکان بنێنەوە. لە ھەمان کاتدا پەیەدە لە عەفرین داوای لە ھاونیشتمانیان کردووە لە دژی پارتی و پێشمەرگەی رۆژ خۆپیشاندان ئەنجام بدەن.

ئەوەی لە شنگاڵ لەنێوان پێشمەرگەکانی رۆژئاوا و یەبەشە و پەکەکە دا روویدا، لەسەر بارودۆخی سیاسی رۆژئاوا کاردانەوەی نەرێنی بەدوای خۆیدا ھێناو لە رۆژئاوای کوردستان ژمارەیەکی زۆر لە کادیر و لایەنگرانی بەشێک لە پارتە کوردییەکان دەستگیرکران و ئاڵای کوردستانیش لەسەر بارەگاکانیان هێنرایە خوارەوە.








رووداو-
Top