یەکێتی هێزێکی دیکە ڕەوانەی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک دەکات
بەپێی قسەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوای کۆبوونەوەی ناوخۆییان، بڕیاریان داوە هێزێکی دیکە رەوانەی کۆمپانیای نەوتی باکوور بکەن.
لەمبارەیەوە کاوێز مەلا پەروێز، بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە کەرکووک، ڕاگەیاند: “دوێنێ شەممە 4\3\2017، یەکێتی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ پەرلەمانتارانی کەرکووک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک کردووە، تائێستا سوورن لەسەر داواکانیان و مانەوەی هێزەکەیان لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت یەکێتی هێزی دیکە ڕەوانە بکات”.
هیواشی خواست کە ئەم کێشەیە کۆتایی پێ بهێندرێت و خەڵکی کەرکووک زەرەرمەند نەبێت. گوتیشی: “هەڵەیەک کرا، ئێستا لایەنەکان دەیانەوێت هەڵەی یەکێتی ڕاست بکەنەوە، چونکە پرسی نەوت لەوە گەورەترە بەهێزی چەکدار پێشی پێ بگیرێت یان دانی پیابنێرێت، بۆیە ئێستا خەڵک لە کەرکووک نیگەرانە، دڵنیانین لە ئایندەی شارەکە، چونکە گومان دەکرێت کەرکووک لە دۆسیەیەک بتلێنرێت، رێگا بەهاتنە ژوورەی هەندێک هێزی نامۆ بدرێت، بۆیە داوا لە بەرپرسانی یەکێتی دەکرێت، بەرپرسیارانەتر لە شارەکە مامەڵە بکەن".
ڕۆژی پێنجشەممە 2\3\2017، هێزێکی چەکداریی سەر بە مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بە هێزە ڕەشەکە ناسراوە، هەڵیانکوتایە سەر چەند وێستگەیەکی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک و دەستیان بەسەردا گرت، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێکیش هەناردەکردنی نەوتی کەرکووکیان لە ڕێگەی بۆڕیی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا ڕاگرت.
باسنیوز
