پەڕلەمانتارێکی یەکێتی: بارزانى خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی سیاسی به‌هێزه‌ و پێویسته‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو حزبه‌كان كۆ ببێته‌وه‌

پەڕلەمانتارێکی یەکێتی: بارزانى خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی سیاسی به‌هێزه‌ و پێویسته‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو حزبه‌كان كۆ ببێته‌وه‌
پەڕلەمانتارێکی فراکسیۆنی سه‌وز لە پەڕلەمانی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت، بارزانی خاوەنی پێگەیەکی سیاسی بەھێزە و پێویستە ھەنگاوەکانی بۆ نەھێشتنی شەڕی براکوژی چڕبکاتەوە، ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، كه‌ بارزانی و تاڵەبانی دژی شەرھەڵدانی شەڕی براکوژین بوون، بۆیە ڕێککەوتنی ستراتیژیان واژۆکردووە.



سەعید محەمەد، ئەندامی پەڕلەمانی کوردستان، لە فەراکسیۆنی سه‌وزى یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەلێدوانێکدا بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند :" شەڕی براکوژی وڵاتەکەمان بەرەو مەترسیەکی گەورە دەبات، بۆیە پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کورد ڕێگری لەو شەڕە نەگریسە بکات، ھەرچەندە پێشتر شەڕی ناوخۆ لە نێوان حزبەکان ڕوویداوە، بەڵام سەرکردایەتی سیاسی کورد خۆشبەختانە توانی لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەری شەڕی ناوخۆ بکات".



ڕوونیشی کردەوە، ھەر شەڕێک ڕوو بدات تەنھا مێزی گفتوگۆ دەتوانێت چارەسەری ناکۆکیەکان بکات، گوتیشی :" ناکرێت جارێکی دیکە بەلوولەی تفەنگەکان خوێنی ڕۆڵەی کورد بەدەستی کورد بڕێژرێت، چونکە ئەڵتەرناتیڤ ھەیە بۆ چارەسەرکردنی ھەموو تەنگەژەیەکی سیاسی، كه‌ ئەویش ڕێگەی دانووستان و زمانی دیالۆگە".



گوتیشی :" ئێستا گەلی کورد لە باشوور و ڕۆژئاوا، لە قۆناغێکی باشدایە و ھەنگاوی باشی بۆ چونەپێشەوە ناوە، ناکرێت بەدەستی خۆمان ئەم ئەزموونە لەبار بەرین، ھەروەھا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆ و ڕۆژئاوا باشتروایە بەدانیشتن کۆتایی پێبھێندرێت و ڕێگری لە ڕشتنی خوێنی ڕۆڵەی کورد بکرێت و نەفرەت لەشەڕی ناوخۆ بکەین، چونکە دواجار ھەر شەڕێکی دیاریکراو بە زیانێکی گەورە بۆسەر وڵاتەکەمان دەشکێتەوە".
bas news-
Top