. شاندێکی هەرێمی کوردستان بەشداریی کۆنگرەی ئاشتیی جیهانی لە وڵاتی فلیپین دەکات
شاندێکی ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنگرەی ئاشتی جیھانی لە وڵاتی فلیپین بەشدارن و بەگوتەی ئەندامانی شاندەکە، هاوشێوەی وڵاتانی جیهان، جێگای تایبەت بۆ شاندی کوردستان دانراوە.
عەدنان ئەنوەر بەگ، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، کۆنگرەی ئاشتی جیھانی لە (مانیلا)ی پایتەختی فلیپین بە ئامادەبونی کلۆریا ئۆریو، سەرۆکی پێشووی وڵاتی فلیپین و 7 سەرۆکی پێشووی وڵاتان و چەندین کۆنگرێسمان و سەرکردەی جیھانی دەستی بە کارەکانی کرد و شاندێکی کوردستانیش کە بە فەرمی بانگھێشت کرابوون، بەشدارن.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئامانج لەو کۆنگرەیە، بەرقەراکردنی ئاشتییە لە سەرتاسەری جیھان، ھاوکات لە پەراوێزی کۆنگرەکەشدا شاندی کوردستان چەندین چاوپێکەوتنی گرنگیان لەگەڵ کەسایەتییە جیھانییەکان، وەک سەرۆکانی پێشووی چەند وڵاتێک و چەندین کەسایەتیی دیکە ئەنجام داوە و باسیان لە ڕۆڵ و پێگەی کورد کردووە.
شاندەکەی ھەرێمی کوردستان لە شەش کەس پێک ھاتوون و هاوشێوەی وڵاتانی جیهان، لە کۆنگرەکەدا بە تایبەت جێگەیان بۆ دیاری کردوون. گوتیشی: ”لە پانێڵەکەدا باس لە ڕۆڵی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپی تیرۆرستیی داعش کراوە، ھاوکات باس لە پێکەوەژیانی ئایینی لە ھەرێمی کوردستان کرا و ئەوە بەرز نرخێندرا کە لە هەرێمی کوردستان ڕێز لە ئایینە جیاوازەکان دەگیرێت و ھەموو بە ئاشتییانە پێکەوە دەژین“.
bas news-
