فڕۆکەیەکى ئوردنى لە دەرەوەى ڕێڕەوی فڕۆکەخانەى سلێمانى نیشتەوە

فڕۆکەیەکى ئوردنى لە دەرەوەى ڕێڕەوی فڕۆکەخانەى سلێمانى نیشتەوە
بەڕێوبەرى گشتیى فڕۆکەخانەى سلێمانى: تیمەکانى بەرگریى شارستانیى تەندروستى لەوێ ئامادە بوون



فڕۆكه‌یه‌كی هێڵی ئاسمانی مه‌له‌كی ئوردنی له ‌كاتی نیشتنه‌وه‌یدا له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی له‌ رێڕه‌وی ئاسایی خۆی لای دا و دواتر به‌ دووری ته‌نها (6) مه‌تر له‌ فڕگه‌ی سه‌ره‌كی به‌بێ هیچ زیانێك وه‌ستێنرایه‌وه‌.



ئەندازیار تاهیر عەبدوڵا، بەڕێوبەرى گشتیى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى سلێمانى لە لێدوانێکدا بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ شەممە ٤/٣/٢٠١٧ فڕۆکەیەکى جۆرى هێڵى ئاسمانى مەلەکى ئوردنى لە کاتى نزیکبوونەوەى بۆ نیشتنەوەى لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى چەند مەترێک لە ڕێڕەوى خۆى لە فڕگەى فڕۆکەخانە لای دا و نەیتوانى لەسەر فڕگە بنیشێتەوە، بەڵام خۆشبەختانە لەکاتى نیشتنەوەى لە دەرەوەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى، ئەو فڕۆکە ئوردنیە بە سەلامەتى وەستێندرایەوە.



گوتیشى: "کاتێک فڕۆکە ئودنییەکە بەو شێوەیە وەستایەوە، هیچ زیانێکى بەدواى خۆیدا نەهێنا، هەروەها تیمەکانى بەرگریى شارستانى و تەندروستى و چاودێریى هێڵى ئاسمانى گەیشتنە شوێنى فڕۆکەکە بۆ ئەوەى بتوانن لەکاتى هەر حاڵەتێکى نەخوازراودا دۆخەکە ئاسایی بکەنەوە، بەڵام هیچ زیانێک بەر فڕۆکەکە و سەرنشینانى فڕۆکەکە نەگەیشتووە."



بەڕیوبەرى گشتیى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى، ئاماژەى بەوەش کرد: " پێویستە هاووڵاتیان لەکاتى ئەم جۆرە ڕووداوانەدا ڕێنماییەکانى فڕۆکەخانە جێبەجێ بکەن، هەروەها ڕەچاوى بارى ئاسایشى فڕۆکەخانە بکەن، چونکە تیمەکانى ئێمە لەو کاتانەدا سەرقاڵى ئەوەن سەرجەمى سەرنشینانى ناو فڕۆکەخانە بە سەلامەتى ڕزگار بکەن".



فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەکەوێتە بەکرەجۆ بە دووریی ١٥ کیلۆمەتر لە شاری سلێمانی دوورە و فڕۆکەخانەکە لە ساڵی ٢٠٠٣ بەردی بناغەی دانراوە و لە ساڵی ٢٠٠٥ بەتەواوی بەکار خراوە.
bas news-
Top