چاودێرێکی سیاسی لە دهۆک: پەکەکە دروستکراوێکی هەواڵگریی ئیقلیمییە و دژی بەرژەوەندییەکانی کورد ئاراستە دەکرێت
جارێکی دیکە کاتژمێری بۆسە سیاسییەکانی (پەکەکە) دژی گەلی کورد و بۆ بەرژەوەندیی وڵاتانی هەرێمی زەنگی لێ دا. ئەوەتا لە کۆمەڵگەی خانەسۆری دەڤەری شنگالدا بوونەتە کێشە و دەیانەوێ لە هەرێمی کوردستاندا پشێوی بنێنەوە. چاودێرانی سیاسی شرۆڤەی جۆراوجۆریان بۆ ئەو ڕەفتارانەی (پەکەکە) هەیە و بۆ تێگەیشتن لە (پەکەکە)، وەبیر هاووڵاتانیانی دێننەوە، کە (پەکەکە) لە ساتەوەختی دروستبوونییەوە، گرێدراوی تۆڕێکی هەواڵگریی وڵاتانی هەرێمییە، بۆیەشە دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستاندا پشێوی دروست بکەن.
(خالد دۆسکی)، چاودێری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئاشکرایە ھەرلە سەرەتای دامەزرانییەوە، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە شێوەیەکی ئالۆز دامەزراوە و، زیاتر لایەنی ھەرێمی ھەوڵی دامەزراندنی ھێزێکی وەک (پەکەکە)ی داوە، بۆ ئەوەی ناسنامەی ڕاستی خۆی نەخاتە بەرچاو. ئەوەی کە بەدرێژایی تەمەنی خۆی، (پەکەکە) ناوی جیاجیای لەخۆی ناوە و کاری کردووە، زیاتر مەبەستی جێبەجێکردنی ئامانجی ئەو لایەنانە بووە، کە لەپشت دروستکردنییەوەن، مخابن دوای تەمەنێکی درێژ ئاشکرا بوو، (پەکەکە) وەک ھێزێکی ڕێگر لە بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد کاری کردووە و بووەتە لەمپەر بۆ بزاڤە ڕزگاریخوازەکانی کورد، لە ھەرچوار پارچەی کوردستان. (پەکەکە) زیاتر کاری لەسەر لێدانی کەسایەتییە شۆڕەشگێڕەکانی کورد کردووە، ھەر لەو چوارچێوەشدا لە کوردستانی باکوور ڕێی بەھیچ ھێز و کەسایەتییەکی خەباتگێڕ نەداوە، کە خەباتی خۆی بکات، چەندین کەسایەتیی دیاریش لەنێو لایەنە کوردستانییەکاندا بە دەستی (پەکەکە) شەھید کراون، تەنانەت لەنێو خودی (پەکەکە)دا ھەر بەرپرس و سەرکردەیەک گەشتبێتە ئەو باوەڕەی لەسەر ڕێیەکی دروست خزمەت بە گەلی کورد بکات، بووەتە ئامانجی (پەکەکە) و لەنێو براوە.''
ئەو چاودێرە سیاسیە دەڵێ: ''(پەکەکە) ھەرلە سەرەتاوە لەسەر دەستی دەزگا هەواڵگرییەکان دامەزراوە و ئێستاش ژمارەیەک دەزگای هەواڵگری دەستیان خستووەتە نێو (پەکەکە) و بۆ بەجێگەیاندنی ئامانجی تایبەتیی خۆیان (پەکەکە) ئاراستە دەکەن. (پەکەکە) ڕۆژێک لەگەڵ سووریایە و ڕۆژێک لەگەل ئێرانە و، تەنانەت کارەکانی (پەکەکە) لەنێو تورکیاشدا جێی گومانن، چونکە بە هیچ شێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی کورد و دۆزی ڕەوای کورد ناکات، زیاتر خزمەت بە ڕەوتە شەڕخوازەکانی تورکیا دەکات و، ئەو لایەن و کەسایەتییانەی دەیانەوێت بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەری کێشەی کورد بکەن، (پەکەکە) بە شێوەیەک ڕووبەڕوویان بووەتەوە، کە لە بەرامبەر ڕای گشتیدا شەرمەزاری کردوون.''
(خالد دۆسکی) لە درێژەدا دەڵێ: ''ئەوەی بنیادی (پەکەکە)یە، ئەوەیە کە سەرکردایەتیی سیاسیی (پەکەکە) لەژێر ھەژموونی سەرکردایەتیی سەربازیی (پەکەکە)دایە، ئەو مۆدیلەی خەبات لە ھەموو دنیادا باوی نەماوە و پێویستە سەرکردایەتیی سەربازی لە خزمەت سیاسەتدا بێت. ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا لە تورکیا ڕووی دا، ڕاست ئەوە بوو، کە (پەکەکە) ڕێی سەربازیی ھەڵبژارد و ئەو دەنگانەی (ھەدەپە)ش لە تورکیا بەدەستی ھێنان، کەوتە بەر بەرداشی (پەکەکە) و سەرکەوتنی (ھەدەپە) لە باکوور بەھۆی سیاسەتی ھەڵەی (پەکەکە)وە لەبار برا. ئەو ھەڵەیەی (پەکەکە) بۆ تێکدانی ڕەوشی باکوور، زیاتر بۆ گەڕاندنەوەی شەرعییەت بوو بۆ قەندیل و سەرکردایەتیی چەکداری. ئەمڕۆ (پەکەکە) وەک چەکێکی بەکرێگیراو بەکار دێت. جێی داخە، (پەکەکە) ھەردەم ئامادەیە تەنازول بۆ دوژمنانی کورد بکات، کەچی بەپێچەوانەوە لەگەٍِڵ ھێزە کوردییەکان، لەسەر کێشەیەکی زۆر بچووکیش بە زمانی چەک قسە دەکات، زمانی دانوستان لەلای (پەکەکە) نییە، ئەگەر ھەشبووبێت، ھیچ کات نەگەیشتووەتە ئەنجام.''
ئەو چاودێرە سیاسیە ڕوونیشی کردەوە: ''(پەکەکە) دەیەوێت، وەک ھێزێک، تەنیا خۆی لە مەیدانی سیاسەتدا هەبێت و ھیچ ھێزێکی دیکەی پێ قبووڵ نییە. ھەرھێزێک لە دەرەوەی ئایدیۆلۆژییەکەی خۆی بێت، (پەکەکە) بە خیانەتکاری دەزانێت، تەنیا خۆی و حزبە کارتوونییەکانی خۆی پێ ڕاستە. لە ڕۆژئاوای کوردستانیش (پەکەکە) نەیھێشت ئەزموونێکی دیموکراتی پەیدا ببێت، بۆ ئەو زەمینەیەی لە ڕۆژئاوای کوردستان ھاتە پێش، وەک چۆن لەدوای ڕاپەڕینەوە (پەکەکە) لەمپەر دەخاتە بەردەم دەستکەوتەکانی ھەرێمی کوردستان، هەروا لە ڕۆژئاواش ڕەفتار دەکات و، دەیەوێت ھیچ ھێزێکی دیکە، جگە لە خۆی نەبێت، ئیجازە بە هیچ هێزێک نادات، کە بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی گەلی کورد لە سووریادا تێبکۆشێت، ئەوەش وای کرد، کورد نەیتوانی سوود لە شۆڕشی گەلانی سووریا وەربگرێت و گشت لایەنەکانی دەرەوەی (پەکەکە) کەوتنە بەر تیرۆری (پەکەکە) و ڕۆژئاوا بەرەو چارەنووسێکی نادیار ڕۆیشت.''
kdp-
