"ئیتاڵیا ھەمیشە یارمەتیدەری بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی گەلی کورد دەبێت"
ئەمڕۆ شەممە 4/3/2017 مەسرور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جیانی ڤێرناتی، سێناتۆری پێشوو، جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی ئیتاڵیا و دۆستی دێرینی گەلی کوردستان، کرد و لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا کرا، جەخت لە فراوانترکردنی چالاکی سیاسی، ئابووری و بەردەوامی یارمەتی و ھاوکارییەکانی دژ بە تیرۆریستانی داعش کرایەوە.
ڤێرناتی، ڕای گەیاند: "ئیتاڵیا ھەمیشە یارمەتیدەری بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی گەلی کورد دەبێت".
لەلای خۆیەوە، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، رۆڵی ڤێرناتی، لە یارمەتیدانی دۆزی کورد، ھەروەھا ھاوکارییە سەربازییەکانی حکوومەتی ئیتاڵیای بۆ ھێزی پێشمەرگە بەرزنرخاند، کە رۆڵیان ھەبووە لە تێکشکاندنی پەلامارەکانی تیرۆریستاندا.
ھەر لە دیدارەکەدا، ئاماژە بە تەنگژە مرۆییەکانی ناوچەکە و ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەکان کرا، کە لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە حەوێندراونەتەوە و پێداویستییەکانیان بۆ دابینکراوە، پەیوەست بەو پرسە ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، جەختی لە فەرھەنگی پێکەوەژیان و لێبوردەیی کوردستان کردەوە و ڕای گەیاند: "کوردستان پەناگەی ئارامی ھەموو ئەوانەیە، کە لە ترسی توندوتیژییەکان و یەکتر قبوڵ نەکردنەوە لە ناوچە جیاجیاکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووی تێدەکەن".
ھەر لەو دیدارە، ئاماژە بە کێشەکانی مووسڵی دوای داعش کراو مەسرور بارزانی، ئەوەی خستەڕوو: "کێشەکانی بەر لە داگیرکردنی مووسڵ لەلایەن داعش ھەبوون، جارێکی دیکە دوای ڕزگارکردنی شارەکە سەر ھەڵدەدەنەوە، ئەگەر ڕێککەوتنێکی سیاسی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی شارەکە لەنێوان پێکھاتەکانیدا نەکرێت".
ھەروەھا دۆزینەوەی میکانیزمێکی نوێ بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندی نێوان ھەولێر و بەغدا بە مەبەستی بەرقەرابوونی ئاشتی ھەمیشەیی لەسەر بنەمای یەکسانی و بەرژەوەندی ھاوبەش بە پێویست دانرا.
باسنيوز
