نەتەوە یەکگرتووەکان: بریندارانی چەکی کیمیاویی داعش دەنێردرێنە هەولێر

 نەتەوە یەکگرتووەکان: بریندارانی چەکی کیمیاویی داعش دەنێردرێنە هەولێر
نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت، کە بریندارانی چەکی کیمیاویی رێکخراوی توندڕەوی داعش بۆ چارەسەرکردن دەنێردرێنە هەولێر.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (رۆیتەرز)، رۆژی شەممە 4.3.2017 نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، کە لە سەرەتای مانگی ئادارەوە (چوار رۆژە)، 12 برینداری چەکی کیمیاویی داعش لە مووسڵەوە گەیەندراونەتە هەولێر.

ئەو بریندارانە بە چەکی کیمیاویی داعش لە بەری رۆژهەڵات (چەپ)ی شاری مووسڵ بریندار بوون و بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستی لە سنووری ناوچە رزگار کراوەکان، گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر.

هەرچەندە هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانێکی سەختی دارایی بووەتەوە و حکوومەتی عێراق دەرمان بۆ کوردستان نانێرێت، بەڵام زۆرینەی بریندارانی هاووڵاتیی و سوپای عێراق بۆ چارەسەرکردن، دەگەیەندرێنە شارەکانی هەولێر و دهۆک.

بەهۆی بڕینی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2013ـەوە، کە بە فەرمانی نوری مالیکی، جێگری سەرۆک کۆماری عێراق بڕدرا، هەروەها بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، کە هەرێمی کوردستان وەک سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهات پشتی پێ دەبەستێ، هەرێمی کوردستان رووبەڕووی قەیرانێکی سەختی دارایی بووەتەوە.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.











باسنيوز
Top