پەرلەمانتارێکی پارتی: دمانەوێ مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان وەربگرینەوە
ئیسلام حوسێن، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، ھەموو لایەنە کوردییەکان لە سەرەتاوە دەیانزانی پارتی دیموکراتی کوردستان چاوی لە پۆستەکانی ناو حکوومەتی عێراق نییە، بەڵکو ”دەیەوێت شایستە دارایی و مافە دەستووریەکانی ھەرێمی کوردستان وەربگرێت“.
ئیسلام حوسێن بەخشینی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن پارتییەوە بۆ بە یەکڕیزی و یەکدەنگی مانەوەی لایەنە کوردستانییەکان دادەنێت.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد، کە پارتی دروشمێکی نیشتیمانی ھەڵگرتووە و ” یەکێتی، گۆڕان و کۆمەڵیش بە بێ پارتی ھیچیان پێ ناکرێت“.
ئیسلام حوسێن پێیوایە یەکێتی و گۆڕان لە بەغدا پاڵپشتیی نوری مالیکی، جێگری سەرۆک کۆماری عێراق لە دژی هەرێمی کوردستان دەکەن و هەوڵ دەدەن پارتی ناچار بکەن ”دەست لە ئامانجی سەربەخۆیی هەڵبگرێت“.
باسنیوز
