لایەنگرانی پەکەکە لە ئەورووپا هەڵدەکوتنە سەر نوێنەرایەتییەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
ڕۆژی هەینی 3\3\2017، یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) شەڕیان لە دژی پێشمەرگەی ڕۆژ کە هێزێکی سەر بە پێشمەرگەی زێرەڤانییە، هەڵگیرساند، چەند کاتژمێرێکیش دوای ڕووداوەکە، ئێوارەی دوێنێ لایەنگرانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شاری (برۆکسل) لە پایتەختی بەلجیکا، هەڵیانکوتایە سەر بارەگای نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
لەمبارەیەوە دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی ئەورووپا ڕایگەیاند: “ئەو خۆپیشاندانەی لایەنگرانی پەکەکە بۆ سەر نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە برۆکسل لە پڕ ئەنجام درا، بەبێ ئەوەی ئێمە ئاگادار بین، چونکە لەو خۆپیشاندانانە پێشووتر ئاگادار دەکرێینەوە، پۆلیس ئامادە دەبێت و یاداشتی خۆپیشاندەران رادەستی نوێنەرایەتی دەکەن، بەڵام ئەو خۆپشاندانە زۆر نائاسایی بوو، بەبێ ئاگاداریی ئێمە و حکوومەتی بەلجیکاش بوو”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: “ژمارەی خۆپیشاندەران نزیکەی 20 تا 25 کەس دەبوون، خەڵکانێک بووk نێردرابوون بۆ خۆپیشاندان، دروشمەکانیان لەخزمەتی ئاشتی و تەبایی و یەکبوونی کورد نەبوو، ئیستفزازی بوو، پۆلیس بەئێمەی گوت، ئەوانە بانگ دەکات و ئاگادارمان دەکاتەوە تا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکەن و دەیان دەن بە دادگا".
دلاوەر ئاشگەیی ئاشکرا کرد کە خۆپیشاندەران لە شوێنی خۆیان زۆر چوونەتە پێشەوە و لە کامێراکانەوە دەرکەوتوون کە تا نزیک دەرگای سەرەکیی نوێنەرایەتییەکە چوون.
بە دووریشی نەزانی لایەنگرانی پەکەکە لە شار و وڵاتانی دیکەی ئەورووپاش هەمان هەڵسووکەوت بەرامبەر بە نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن.
باسنیوز
