لە فڕۆکەخانەی سلێمانی فڕۆکەیەک نەیتوانی لەسەر ڕێڕەودا بنیشێتەوە
ئەندازیار تاھیر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕایگەیاند، رۆژی شەممە 4.3.2017 فڕۆکەیەکی جۆری ھێڵی ئاسمانیی شاهانەی ئوردنی لەکاتی نزیکبوونەوە لە نیشتنەوە، چەند مەترێک لە ڕاڕەوی خۆی لە فڕگەی فڕۆکەخانە لایدا و نەیتوانی لەسەر فڕگە بنیشێتەوە.
ئەندازیر تاهیر عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش کرد، کە فڕۆکەکە بە سەلامەتی وەستێنرا و تیمەکانی بەرگریی شارستانی، تەندرووستی و چاودێریی ھێڵی ئاسمانی گەیشتنە شوێنی فڕۆکەکە بۆئەوەی بتوانن لەکاتی ھەرحالەتێکی نەخوازراودا دۆخەکە ئاسایی بکەنەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە پێویستی دەزانێ گەشتیاران لەکاتی ئەم جۆرە ڕووداوانەدا ڕێنماییەکانی فڕۆکەخانە جێبەجێ بکەن، ھەروەھا ڕەچاوی باری ئاسایشی فڕۆکەخانە بکەن، چونکە ”تیمەکان لەو کاتانەدا سەرقاڵی ئەوەن سەرنشینانی ناو فڕۆکەخانە بەسەلامەتی ڕزگار بکەن“.
بەپێی زانیارییەکان، بۆ ماوەیەک هەموو گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی وەستێنران.
باسنیوز
