جڤاتی رۆحانیی ئێزدییان داوای کشانەوە لە پەکەکە دەکات

 جڤاتی رۆحانیی ئێزدییان داوای کشانەوە لە پەکەکە دەکات
جڤاتی رۆحانیی ئێزدییانی کوردستان و جیهان داوا لە پارتی کوردستان (پەکەکە) دەکات ناوچە ئێزدینشینەکان بەجێ بهێڵێت و بگەڕێتەوە ناوچەکانی خۆی.

رۆژی شەممە 4.3.2017، جڤاتی رۆحانیی کوردانی ئێزدی لەبارەی هێرشی چەکدارانی سەر بە پەکەکە بۆ سەر پێشمەرگە لە سنووری شنگال کۆبوونەوەیەکی ساز کرد و راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا، جڤاتی رۆحانیی کوردانی ئێزدی جەخت لەوە دەکەنەوە، کە شاری شنگال و دەروبەری، ناوچەیەکی کوردستانین و بەشێکن لە هەرێمی کوردستان.

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، جڤاتی رۆحانیی ئێزدی داوا لە پەکەکە دەکات چەکدارەکانی لە باشووری کوردستان بکێشێتەوە، ”داوا لە پەکەکە دەکەین بگەڕێتەوە ناوچەکانی خۆی“، هەروەک هێزەکانی پێشمەرگەی باشووری کوردستان دوای شکستهێنان بە رێکخراوی توندڕەوی داعش، لە شاری کۆبانێ کشانەوە.

رۆژی هەینی 3.3.2017، چەکدارانی پەکەکە لە ناوچەی خانەسۆر لە نزیک شارەدێی سنوونێ، هێرشیان کردە سەر هێزێکی پشمەرگە و شەڕ دروست بوو.

دوای رزگارکردنەوەی شاری شنگال لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە، کە لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رزگار کرایەوە، چەکدارانی سەر بە پەکەکە لە سنووری شارەکە جێگیر بوون.

دوای داگیرکردنی زۆرینەی گەڕەکەکانی شاری کۆبانێ لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، هێزێکی پشتیوانیی پێشمەرگە لە باشووری کوردستانەوە بە نێو باکووری کوردستان و تورکیادا چوونە رۆژئاوای کوردستان و شارەکەیان رزگار کردەوە، دواتریش گەڕانەوە باشووری وڵات.












باسنيوز
Top