بەغدا پارەی ئەو نەوتەی کەرکووک نادات کە ڕۆژانە بۆ پاڵاوگەی دۆرە دەنێردرێت

 بەغدا پارەی ئەو نەوتەی کەرکووک نادات کە ڕۆژانە بۆ پاڵاوگەی دۆرە دەنێردرێت
بەرپرسی لقی کەرکووکی پارتی دیموکراتیی کوردستان ڕای گەیاند، بەپێی ڕێککەوتنی سێ قۆڵیی نێوان حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان و پارێزگای کەرکووک، نەوت بۆ وێستگەی دۆرە لە بەغدا و پاڵاوگەی کەورگۆسک لە هەولێر ڕەوانە دەکرێت، بەڵام ھەرێمی کوردستان مانگانە 10 ملیۆن دۆلار لە بەرامبەردا بۆ کەرکووک دەنێرێت.
محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی کەرکووکی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕایگەیاند: "بەپێی ڕێککەوتنێکی پێشووی نێوان حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ئیدارەی شاری کەرکووک، ڕۆژانەی زیاتر لە 30 ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی وێستگەی دۆرە لە بەغدا دەکرێت، ھەروەھا ڕۆژانە 20 بۆ 30 ھەزار بەرمیل بۆ پاڵاوگەی کەورگۆسک لە هەولێر ڕەوانە دەکرێت، ئەو نەوتەش بۆ مووسڵ و ئاوارەکانی مووسڵە، ھاوکات ڕۆژانە 130 هەزار بەرمیل نەوت لەگەڵ بۆڕیی نەوتی ھەرێمی کوردستان، بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا دەنێردرێت“.

سەرکردەکەی پارتی ڕوونیشی کردەوە کە ئەو ڕێککەوتنە نەوتییەی لە نێوان بەغدا و ھەولێر و کەرکووکدا کراوە، لە حەوت خاڵ پێکھاتووە، بەڵام داھاتی ئەو نەوتەی کە ڕەوانەی وێستگەی دۆرە لە بەغدا دەکرێت، ”یەک دیناری بۆ ھاووڵاتییانی شاری کەرکووک ناگەڕێتەوە“. لە کاتێکدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مانگانە 10 ملیۆن دۆلار بۆ ئیدارەی شاری کەرکووک ڕەوانە دەکات.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی پێنجشەممە 2\3\2017، هێزێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بە هێزە ڕەشەکە ناسراوە، بە فەرمانی بەرپرسی مەڵبەندی 2ی کەرکووکی یەکێتی، هەڵیانکوتایە سەر چەند وێستگەیەکی هەناردەکردنی نەوت لە کەرکووک و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک هەناردەکردنی نەوتیان لە ڕێگەی بۆڕیی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگرت. دواتر شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لەسەر پشکی شاری کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکرا کرد کە یەکێتی دەیەوێت ڕۆژانە 20 هەزار بەرمیل نەوت بۆ چەند کۆمپانیایەکی خۆی لە سلێمانی بنێردرێت.













باسنیوز
Top