قوباد تاڵەبانی: ئه‌وه‌ی له‌شنگال روویدا له‌دڵه‌وه‌ نیگه‌رانی کردم، ئێستا له‌هه‌موو کات زیاتر پێویستمان به‌وه‌یه‌ له‌یه‌ک سه‌نگه‌ردا بین دژی دووژمنانی کورد

 قوباد تاڵەبانی:  ئه‌وه‌ی له‌شنگال روویدا له‌دڵه‌وه‌ نیگه‌رانی کردم، ئێستا له‌هه‌موو کات زیاتر پێویستمان به‌وه‌یه‌ له‌یه‌ک سه‌نگه‌ردا بین دژی دووژمنانی کورد
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نیگەرانی خۆی لە رووداوەکانی شنگال دەردەبڕێت و رایدەگەیێنێت: "له‌هه‌موو کات زیاتر پێویستمان به‌وه‌یه‌ له‌یه‌ک سه‌نگه‌ردا بین دژی دووژمنانی کورد".

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک سەبارەت بە رووداوەکەی رۆژی هەینی 3-3-2017 لە سنونێ رایدەگەیێنێت: "خوشک و برا ئێزدییه‌کانمان چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌یان لێده‌کردین برینه‌کانیان ساڕێژ بکه‌ین، نه‌ک به‌به‌رچاوی ئه‌وانه‌وه‌ جورئه‌‌ت بنوێنین لووله‌ی تفه‌نگه‌کانمان بکه‌ینه‌ یه‌ک".

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئه‌وه‌ی له‌شنگال روویدا له‌دڵه‌وه‌ نیگه‌رانی کردم، ئێستا له‌هه‌موو کات زیاتر پێویستمان به‌وه‌یه‌ له‌یه‌ک سه‌نگه‌ردا بین دژی دووژمنانی کورد. خۆ ناشێ هه‌روا به‌زوویی بیرمان بچێته‌وه‌ که‌ دوێنێ بوو شه‌ڕڤانان به‌رگرییان له‌مه‌خموور و که‌رکووک ده‌کرد و پێشمه‌رگه‌ش له‌کۆبانێ سنگی ده‌نا به‌گولله‌وه‌".

سەرلەبەیانی رۆژی هەینی 3-3-2017، شەڕەتەقە لەنێوان پێشمەرگەی رۆژئاوای كوردستان و یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) کە سەر بە پەکەکەن، لە بازگەیەکی کۆمەڵگەی خانەسۆری نزیک شارۆچكەی سنوونێ روویدا.

بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، رۆژی هەینی بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەكانی پەكەكە کۆبوونەوە، جگە لە راگەیاندنی ئاگربەستێکی 24 کاژێری و بڕیاردان لەسەر کۆبوونەوەی دیکە، هیچ ئەنجامێکی دیکەی نەبوو. بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 4-3-2017 بۆ جارێکی دیکە کۆببنەوە.



باسنيوز
Top