داعش 25 هاووڵاتیی حەویجە دەڕفێنێت

داعش 25 هاووڵاتیی حەویجە دەڕفێنێت


چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش 25 هاووڵاتیی شارۆچکەی حەویجە دەڕفێنن و بەرەو سەنتەری شارەکە راپێچیان دەکەن.



بەپێی زانیارییەکان، رۆژی پێنجشەممە 2.3.2017، ئەو 25 هاووڵاتییەی شارەدێی زاب‌ لە سنووری شارۆچکەی حەویجە لە باشووری رۆژئاوای پارێزگای کەرکووک هەوڵی هەڵاتنیان لە ژێر دەسەڵاتی رێکخراوەکە هەڵبێن.



چەکدارانی داعش لە رێگای نێوان شارەدێی زاب و شارۆچکەی شەرگات لە پارێزگای سەڵاحەدین ئەو 25 هاووڵاتییەیان بە تۆمەتی ”هەڵاتن لە زەوی خەلافەت“ دەستگیر کردووە و بەرەو سەنتەری حەویجەیان بردوون.



بەهۆی ستەمکاریی داعش، بەردەوام هاووڵاتییانی ژێر دەسەڵاتی ئەو رێکخراوە هەوڵی هەڵاتن دەدەن و زۆرینەشیان روو دەکەنە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پێشمەرگە.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.
bas news-
Top