جڤاتی رۆحانیی ئێزدیان داوا لە پەکەکە دەکا شنگال چۆڵ بکات

جڤاتی رۆحانیی ئێزدیان داوا لە پەکەکە دەکا شنگال چۆڵ بکات
(حازم تەحسین بەگ) کوڕی (میر تەحسین به‌گ) رایگەیاند، لەسەر رووداوەکەی ئەمرۆ جڤاتی رۆحانیی ئێزدیان بەیاننامەیەک بڵاو دەکەنەوە و چەند خاڵێک لەخۆ دەگرێت، ئەوانیش بریتین لە رێگریکردن لە هەر شەڕێک لە ناوچەکە، بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی شنگال لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە و پەکەکە شنگال چۆڵ بکات.

(حازم تەحسین بەگ) کوڕی میری ئێزدیانی جیهان بە رووداوی راگەیاندووه‌: "بەیاننامەکە لە سێ خاڵی سەرەکی پێکهاتووە، خاڵی یەکەم ئەوەیە ئێمە پێمانخۆشە شەڕ دروست نەبێت لە شنگال، شنگال کوردستانە و ئێمە نامانەوێت لە کوردستان شەڕ دروست ببێت".

بەگوتەی (حازم میر تەحسین بەگ) خاڵی دووەم ئەوەیە کە "ئێمە دەمانەوێت، سنوونێ، شنگال، خانەسۆر هەموو ئەو ناوچانە بچێتە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە ببرێن. خاڵی سێیەمش ئەوەیە کە ئێمە بە راشکاوانە داوا لە برایانی پەکەکە دەکەین ئەو ناوچەیە چۆڵ بکەن، ئێمە نامانەوێت شەڕی براکوژی لە ناوچەکەمان دروستبێت".

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 3-3-2017 شەڕە تەقە لەنێوان پێشمەرگەی رۆژئاوا و یەبەشە لە بازگەیەکی کۆمەڵگەی خانەسۆری نزیک ناحیەی سنونێ رووی دا.
وەزارەتی پێشمەرگە راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند: "هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئازادە لەوەی کەی و لە کوێ بیهەوێ لەناو سنووری خاکی کوردستان جموجۆڵ و جێگۆڕکێی هێزەکانی بکات و بۆ ئەوەش ئیجازە لە کەس وەرناگرێت".
kdp-
Top