قاسم شەشۆ: پەکەکە لە شنگال بمێنێتەوە ڕەوشەکە ئاڵۆزتر دەبێت
قاسم شەشۆ، فەرماندەی کوردی ئێزدی لە شنگال، ڕایگەیاند: ”ئێمە پەیوەندیمان بە بەرپرسانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) یان پەکەکە کردووە، شەڕ نەکەن و دەست لە دروستکردنی ئاڵۆزی بەردەن“.
جەختیشی لەوە کردەوە، شنگال ”خاکی پەکەکە نییە و پێویستە لە زووترین کاتدا شنگال چۆڵ بکەن“. گوتیشی: ”خەڵکی شنگال ڕازی نابن ئیدی پەکەکە لە دەڤەرەکەدا بمێننەوە، ئەوەی پەکەکە کردوویەتی قەبوڵ ناکرێت“.
قاسم شەشۆ لە لێدوانەکەیدا ئاماژەشی بەوە کرد کە ”پەکەکە دەیەوێت شنگال خراپ بکات و نایانەوێت هاوکاریی شنگال بکەن“. دووپاتیشی کردەوە: ”ئەوەی پەکەکە دەیکات، دەستی دەرەکی لە پشتەوەیە و شنگال نابێتە گۆڕەپانی شەڕی براکوژی، تا پەکەکە لە شنگال بمێنێت، دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت، بۆیە پێویستە شنگال چۆڵ بکەن“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەیانیی ئەمڕۆ هەینی 3\3\2017، هێزەکانی یەبەشە کە سەر بە پەکەکەن، تەقەیان لە هێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژ کرد کە هێزێکی پێشمەرگەی کوردستانی ڕۆژئاوایە و ئەرکی پاراستنی ناوچەیەکی لە شنگال پێ سپێردراوە، لەگەڵ ڕێگەگرتن لە بازرگانیی نایاسایی لە سنوورەکەدا، بەو هۆیەشەوە بۆ ماوەی دوو کاتژمێر شەڕ لەنێوان هەردوو هێزەکەدا دەستی پێ کرد.
باسنیوز
