لەسەر ئاڵای کوردستان، ژووری پارێزەرانی ئامەد سکاڵا لەسەر نووسەرێک تومار دەکات

لەسەر ئاڵای کوردستان، ژووری پارێزەرانی ئامەد سکاڵا لەسەر نووسەرێک تومار دەکات
دوای ئەوەی نووسەری تورک "ئەمین چۆڵئاشان" لە ڕۆژنامەی سوزجوودا بە نووسینێک سووکایەتی بە ئاڵای کوردستان کرد و بە پارچە پەڕۆیەکی بێ نرخ وەسفی کردبوو، ژووری پارێزەرانی ئامەد لە باکووری کوردستان سکاڵایەکی لەدژی ناوبراو تومارکرد.



لەسەرەتای ئەم ھەفتەیەدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی سەردانی وڵاتی تورکیا کرد و لەگەڵ سەرۆک کومار و سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە، لە ھەریەکە لە فڕۆکەخانەکانی ئیستەنبول و ئانکەرەدا لەپاڵ ئاڵای تورکیا و عێراق ئاڵای کوردستانیش لە پێشوازیی بارزانیدا ‌ھەڵدرابوو، ئەمەش بووە مایەی نیگەرانیی تورکە نەژادپەرستەکان و لە بەرامبەریشدا حکومەتی تورکیا بە ھەنگاوێکی پرۆتوکولی و دیپلۆماسیی دروست ناوبرد.



ماڵپەری ئەفرەنسەلی تورکی لە ھەواڵێکدا بڵاویکردووە کە دوای ئەوەی نووسەری تورکی نەژادپەرست ئەمین چۆڵئاش لە نووسینێکدا سووکایەتی بە ئاڵای کوردستان کردووە، ژووری پارێزەرانی ئامەد سکاڵانامەیەکیان لە دادگا لەسەر ناوبراو بەتومەتی ھاندانی خەڵک بۆ ڕق و دوژمنایەتی و شکاندنی شکۆ تومارکرد و داوا دەکەن چۆڵئاش سزا بدرێت.



لە سکاڵانامەکەی ژووری پارێزاندا ھاتووە، مەسعوود بارزانی سەرۆکی دەوڵەتی فیدراڵی کوردستان لەسەر بانگھێشتی فەرمیی ئەردوغان سەردانی تورکیای کردووە و لە چوارچێوەی ڕەفتارە دیپلۆماسی و سیاسییەکانەوە پێشوازی لێکراوە، ئەو ئاڵایەی کە ھەڵدرابوو ئاڵای فەرمیی دەوڵەتی فیدراڵی کوردستانە، بۆیە وەسفکردنی ئەو ئاڵایە لەلایەن چوڵئاشانەوە بە پەڕۆکێکی دڕاو سووکایەتیکردنە و بۆیە داوا لە دادگا دەکەین ئەمین چۆڵئاشان دادگایی بکرێت و لەسەر ئەو سووکایەتییە سزا بدرێت.
payamner-
Top