بە بۆنەی ساڵیادی نەمرانەوە، ئێوارەكۆڕێك لە قاهیرە ساز درا

بە بۆنەی ساڵیادی نەمرانەوە، ئێوارەكۆڕێك لە قاهیرە ساز درا
بە بۆنەی ٣٨ـەمین ساڵیادی وەفاتی (بارزانی نەمر) و ٣٠ـەمین ساڵیادی (ئیدریس بارزانی) هەردەم لە یاد، نوێنەرایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە قاهیرە، ئێوارەكۆڕێكی لە ژێر ناوونیشانی (ناسر و بارزانی و پەیوەندییەكانی میسر و كوردستان)، بە ئامادەبوونی چەندین كەسایەتیی حزبی و ئەكادیمی و رۆژنامەنووس ساز كرد.

سەرەتا (شێركۆ حەبیب) نوێنەری پارتی دیموكراتی كوردستان، سوپاس و بەخیرهاتنی ئامادەبووانی كرد، دواتر لە گوتەیەكدا ئاماژەی بە رۆڵی (بارزانی نەمر) كرد لە دابینكردنی مافە رەواكانی گەلی كوردستان، وەك سەركردەیەكی نەتەوەیی كە زیاتر لە نیو سەدە خەباتی كرد و تێكۆشا، هەروەها ئاماژەی بە شۆڕشی ئەیلوولی مەزن كرد كە (بارزانی) نەمر رابەرایەتیی دەكرد، ئەو شۆڕشە ئەوەی سەلماند كە (بارزانی نەمر) نەك سەركردەیەكی كورد بوو، بەڵكو سەركردەی سەرجەم گەلانی عێراق بوو و بەڵگەیش ئەوەیە كەوا سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق پەیوەندییان بەو شۆڕشەوە كرد. ئەوەیشی خستە روو كە پارتی دیموكراتی كوردستان بەردەوامە لە خەباتی لەسەر رێبازی پیرۆزی (بارزانی نەمر) و رینمایەكانی جەنابی (سەرۆك بارزانی).

لە تەوەرێكی دیكەدا، نوێنەری پارتی ئاماژەی بە رۆڵی سەركردەی هەردەم لە یاد (كاكە ئیدریس بارزانی) كرد، لە چەسپاندن و بەرقەراربوونی ئاشتی و تەبایی لە نیوان سەرجەم پێكهاتەكانی كوردستان و رۆڵی سەرەكی هەبوو لە رێككەوتنی ساڵی ١٩٨٦ و ئەندازیاری ئاشتی بوو.

دواتر مەلا یاسین رەئووف نوێنەری یەكێتیی نیشتمانی كورستان لە قاهیرە، لە گوتەیەكدا ئاماژەی بە رۆڵی (بارزانی نەمر) كرد و گوتی: "یادی (مەلا مستەفای بارزانی) پێگە و تایبەتمەندی خۆی هەیە، چونگە ئەم سەركردەیە هەر لە سەرەتای لاویەتیدا تا وەفاتكردنی لە پێناو گەلەكەی و دابینكردنی مافەكان خەباتی كرد، خەباتی لە پێناو سەرجەم پارچەكانی كورستان كرد و لە كۆماری مەهاباد پشتیوان و هاوكاری قازی (محەممەد بوو)، بۆیە پێویستە بڵیین ئەو سەركردە تێكۆشەرێكی نەتەوەیی كورد و كوردستانی بوو، ناكرێت بڵێین لە پارچەیەكی كوردستان رابەر و سەركردە بوو، بەڵكو رابەر و سەركردەیەكی نەتەوەیی و جەنگاوەر بوو لە پێناو دۆزی رەوای میللەتێكدا".

هەر لە درێژەی گوتارەكەیدا ئاماژەی دا: "هیوادارین سەركردەكانی ئەمڕۆی كوردستان بتوانن ئاواتەكانی ئەم سەركردە نەتەوەییە بێنە دی بۆ ئەوەی رۆحی پاكی ئاسوودە بێت".
kdp-
Top