"رەزامەندی درا مووچەی كەسوكاری شەھیدان لەگەڵ فەرمانبەراندا بدرێت.. زەوییشیان بەسەردا دابەش دەكرێت"

گوتەبێژی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندیی داوە كە مووچەی كەسوكاری شەھیدان و ئەنفالكراوان لەگەڵ مووچەی فەرمانبەراندا بدرێت و، زەوییشیان بەسەردا دابەش بكرێت.

(فوئاد عوسمان)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئێمە نووسراومان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران كرد كە مووچەی كەسوكاری شەھیدان دوا نەكەوێت و لەگەڵ مووچەی فەرمانبەراندا دابەش بكرێت، بۆیە ئەوانیش رەزامەندییان دەربڕیوە و لەگەڵ مووچەی فەرمانبەراندا مووچەكانیان مانگانە دابەش دەكرێت".

(عوسمان ) گوتیشی: "جگە لەوە، رەزامەندی دراوە كە زەوییشیان پێ بدرێت كە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ١٢ھەزار شەھید ھەیە و رەوانەی وەزارەتی شارەوانی كراوە بۆ ئەوەی زەوییان بۆ دابین بكرێت و بەسەریاندا دابەش بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەیش ئێمە لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی قسەمان كردووە و باسیان لەوە كردووە ھەندێك كێشەی كوژانەوەی زەویمان ھەیە لە وەزارەتی كشتوكاڵ و ھەر كاتێك ئەو كێشەیە چارە كرا، زەوییان بۆ دابین دەكەن".

دەشڵێت: "لیستی دیكی ناوی شەھیدانمان ھەیە بۆ ئەوەی رەزامەندی بدرێت بۆ پێدانی زەوی پێیان و، ھەوڵی ئەوە دەدەین ئەوانیش رەزامەندیی پێدانی زەوییان لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ وەربگیرێت".

kdp-
Top