شاندێکی یەکێتی سەردانی تورکیا دەکات
سەرچاوەیەکی نزیک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاشکرای کرد، وا بڕیارە شاندێکی باڵای یەکێتی بەم نزیکانە سەردانی تورکیا بکات.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، ئەو سەردانە زیاتر لە ساڵێکە بڕیاری لەبارەوە دراوە، بەڵام بەھۆی بارودۆخی ناوخۆیی یەکێتییەوە دوا خراوە و کۆدەنگیی نەبووە کە شاندەکە لە کێ پێکبێت، بەتایبەتی کە دابەشوونی دوو باڵەکەی ناو یەکێتی وا لێکدانەوەی بۆ کراوە کە باڵی زۆرینە لایەنگری ئێران و باڵی ناوەندی بڕیاریش لایەنگریی تورکیا بکەن.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو کە پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتی، بەھۆی پشتیوانیی یەکێتی لە پەکەکە، ساڵانێکە ساردیی تێ کەوتووە و ئێستا یەکێتی دەیەوێت لەگەڵ تورکیادا پەیوەندییەکانی چاک بکاتەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، سەردانەکەی یەکێتی بۆ تورکیا لەم ئانوساتەدا پەیوەندیی بە بارودۆخی نوێی ناو یەکێتییەوە ھەیە، بەتایبەت دوای کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی، کە تیایدا دابەشبوونی یەکێتی بەسەر دوو باڵدا کاڵ بووەتەوە.
بەپێی زانیاریی سەرچاوەکە، ئەم سەردانەی یەکێتی بۆ تورکیا ھاوشێوەی سەردانێکی چەند مانگ لەمەوبەری شاندێکی یەکێتییە بۆ ئێران، کە بەھۆیەوە ھەندێ لە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی چارەسەر کران.
بورھان رەئوف، چاودێری سیاسی و شارەزا لە کاروباری تورکیا رای گەیاند، لەو بڕوایەدان تورکیا بەشێوەیەکی باش پێشوازیی لە شاندەکەی یەکێتی بکات، چونکە یەکێتی ھێزێکی سەرەکییە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەگەر بۆ رابردووش بگەڕێینەوە، مام جەلال بەساتەڵەکی پەیوەندیی نێوان کوردستان و تورکیای شکاند، گوتی: ”بۆ یەکێتی و تورکیاش باشە پەیوەندییەکی باش لەنێوانیاندا ھەبێت، بەڵام گرنگتر ئەوەیە پەیوەندییەکان لە پەیوەندیی حزبیەوە بگۆڕدرێن بۆ پەیوەندیی دامەزراوەیی و حکوومی، ئەوەش بەشێوەیەک دەبێت حزبەکان لە رێگەی دامەزراوەی حکوومەتەوە پەیوەندییەکانیان دروست بکەن، تورکیاش وڵاتێکی گەورەی ناوچەکەیە و باشیی پەیوەندییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو وڵاتە بە قازانجی ھەموو لایەک دەبێت“.
ھاوکات چەند جارێک ھەوڵی پەیوەندیی دا بە سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەو حزبە، بەڵام پەیوەندی لەگەڵیاندا دروست نەبوو.
باسنيوز
