رووسیا پرۆژەبڕیاری سزادانی رژێمی سووریا ڤیتۆ دەکات
ئەمریکا، فەرەنستا و بەریتانیا پرۆژەبڕیارێکیان بۆ سەپاندنی سزا بەسەر رژێمی سووریا ئامادە کردووە، بەهۆی ئەوەی چەکی کیمیاوی و کۆکوژی لە شەڕی ناوخۆییدا بەکارهێناوە.
ڤلادیمێر سافرۆنکۆڤ، باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، کە ئەو پرۆژە بڕیارە رەت دەکاتەوە و وڵاتەکەی رێگا نادات سزای نێودەوڵەتیی بەسەر رژێمی سووریا بچەسپێندرێت.
هەر پێنج وڵاتی ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، چین و رووسیا مافی رەتکردنەوەی پرۆژەبڕیارەکانیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە، کە بە مافی ڤیتۆ ناسراوە.
شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆن سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 400 هەزار هاووڵاتیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.
باسنیوز
