هەوڵێکى ترى پارتى بۆ ئاسایکردنەوەى دۆخى سیاسیى هەرێم

هەوڵێکى ترى پارتى بۆ ئاسایکردنەوەى دۆخى سیاسیى هەرێم
پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەوڵی ئەوەدایە لە ڕێگەی پێشنیاز و پرۆژەی نوێوە دۆخی سیاسیی هەرێم ئاسایی بکاتەوە و سەرەتاش دەیەوێت دڵی یەکێتی ڕازی بکات.

پارتی پێشنیازی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کورستانی بۆ یەکێتی کردووە، بەڵام یەكێتی نە پێشنیازەکەی ڕەتکردوەتەوە و نە پێشی ڕازی بووە.

شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی ئامادەیی خۆیان بۆ کۆبوونەوەی دوو قۆڵی دەربڕییەوە و سەرەتاش پارتی لە ڕێگەی شاندێکەوە کە ئەدهەم بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە سلێمانی سەرۆکایەتیی کردووە سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی کردووە و پێی وتون دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان بەهێزبکەن و پێکەوە چارەسەرێک بۆ دۆخەکە بدۆزنەوە.

شاندەکەی یەکێتی کە مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی سەرۆکایەتیی کردووە، لە کۆبوونەوەدا لەگەڵ شاندەکەی پارتی باسیان لە پەیوەندییەکانی هەر دوو لا کردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر مەلا بەختیار ڕایگەیاندبوو، بە ئەنجێندایەکی نوێوە لەگەڵ پارتی کۆ دەبنەوە و بەبێ ڕەزامەندی لایەنەکانی تریش بە پێشنیازەکانی پارتی ڕازی نابن.

جگە لەوەش ئێستا یەکێتی دەڵێت، ڕۆلیان بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە گرنگە، بەڵام وەک ئاماژەیەکیش بۆ کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی مەلا بەختیار دەڵێت، نابێت پێگەی یەکتری فەرامۆش بکەن.

ئەوەی پەیوەستە بە ئاساییکردنەوەی دۆخەی سیاسیی هەرێم پرۆژەیەکی یەکگرتووی ئیسلامی و دەستپێشخەرییەکی بارزانیە لە ڕێگەی فوئاد حسێنەوە، بەڵام هەوڵەکان ئەنجامیان نەبووە و نەتوانراوە پارتی و گۆڕان کۆبکاتەوە و ئیێستاش پارتی خۆی دەڵێت، گفتوگۆی لایەنەکان لەبارەى دۆخی هەرێم لە شوێنێک وەستاوە کە تەنانەت ئامادە نین یەکتر ببینن.
NRT -
Top