جێگری سەرۆكی ئەمەریكا لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات

 	 جێگری سەرۆكی ئەمەریكا لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات
جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ئەمەریكا لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد و، لەم پەیوەندییە جۆ بایدن خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا بە سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی پێشمەرگە لە میحوەری خازر و ستاییشی قارەمانێتیی پێشمەرگەی كرد.

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 31ـی 8ـی 2016 جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ئەمەریكا لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.
لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جێگری سەرۆكی ئەمەریكا خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا بە سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی پێشمەرگە لە میحوەری خازر و ستاییشی قارەمانێتیی پێشمەرگەی كرد و سەرەخۆشیی لە سەرۆك بارزانی و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی تیرۆردا گیانی خۆیان بەخت كردووە شەهید بوونە. هەروەها سڵاوی سەرۆك ئۆبامایشی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ ئەنجامی كۆبوونەوەكانی نێوان شاندی حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی بەغدا دەربڕی.
لە بەشێكی تری پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا جێگری سەرۆكی ئەمەریكا هیوای خواست كە سەرۆك بارزانی بە حیكمەتی خۆی چارەسەری ئەو كێشانە بكات كە لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێم لە ئارادایە.
شەڕی تیرۆریستان و ئامادەكاری بۆ ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ تەوەرێكی دیكەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە بوو و هەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان لەوە دەربڕی كە پلانەكان زۆر بە باشی بەڕێوە دەچن و جەختیشیان لە بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای ئەمەریكا و هێزەكانی عێراق كردەوە.
PDK -
Top