دوای ٢٠ ساڵ لە ڕوداوەکانی ٣١ ئاب پارتی لە هەر کاتێکی دیکە بەهێزترە
هۆکارەکە هەرچۆنێک بێت دەرەنجامەکەی ئەوەبوو، کە ڕووداوی ٣١ی ئاب بووەهۆی ئەوەی پارتی لە هێزێکەوە کە مەترسی لەناوچوونی لەسەربوو، بووە هێزی باڵادەست لە هەرێمدا و لە ئێستاشدا دوای تێپەڕبوونی ٢٠ ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا پارتی لە هەر کاتێکی دیکە بەهێزترە و هەموو پۆستە گرنگەکان و جومگە سەرەکییەکانی حوکمڕانی هەرێمی بە دەستەوەیە و ڕکەبەرەکانیشی لاوازترن لە هەر کاتێکی دیکە.
لەناو زۆربەی گەلانی دیکەدا، تەنانەت ئاشکرابوونی پەیوەندی ژێربەژێر و نهێنی لەگەڵ وڵاتی دوژمندا وەک تاوانی نیشتمانی سەیر دەکرێت و ئەگەر بێت و لایەنێک یان سیاسەتمەدارێت وەها تاوانێکی لەسەر ئاشکرا بکرێت، ئەوا پێگەی ئەو لایەنە لەناو هاوڵاتیاندا بە تەواوی لاواز دەبێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان تەنانەت ڕوداوی ٣١ی ئاب نە تەنها نەبووە هۆی ئەوەی پێگەی جەماوەری پارتی لاوازبێت بەڵکو بەپێچەوانەوە پارتی ٢٠ ساڵ دوای ئەو ڕووداوە لە ئێستادا هێزی یەکەمی هەرێمە.
جگە لەوەش بەر لە پێنج ساڵ بارزانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسێکی ئێرانی بە داخبوونی خۆی لە ڕووداوەکەی ٣١ی ئاب دەربڕیبوو، هەروەها وتبووی تەنانەت ئامادەش نییە قسە لەبارەی ئەو ڕووداوە ڕەشەوە بکات، بەڵام لەم دوو ساڵەی دواییدا بەشێک لە بەرپرسانی حیزبەکەی بارزانی، لە لێدوانەکانیاندا نەک تەنیا ڕووداوی ٣١ی ئابیان پێ هەڵە نیە، بەڵکو بە ئاشکرا دەڵێن شانازی بە ٣١ی ئابەوە دەکەن.
هەر بۆیە بەشێک لە چاودێران پێیانوایە هەردەم ئەگەری دووبارەبوونەوەی ڕووداوی هاوشێوەی ٣١ی ئاب هەیە، بەوپێیەی کاتێک لایەنێک هەست بە لاوازی بکات ترسی ئەوەی نییە لە پەنابردنە بەر هێزی داگیرکەر یان هێزی دوژمن پێگەی ئەو لایەنە لەناو خەڵکدا لاواز دەبێت، تەنانەت ئەو لایەنە دەتوانێت بە پاساو هێنانەوەیەکی ئاسایی بەشێک لە ڕای گشتی ڕازی بکات بەوەی ئەو کارەی لە پێناو بەرژەوەندی نیشتمانیدا ئەنجام داوە.
ئەو چاودێرانە پێشیانوایە تەنیا یەک ڕێگە هەیە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ڕووداوی هاوشێوەی ٣١ی ئابی دووبارەنەبێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە هاوڵاتیان قبوڵی هیچ پاساوێک نەکەن لەوەی لایەنێکی کوردی لە دژی لایەنێکی دیکەی کوردی تەنانەت هاوکاری وڵاتێکی دیکەش بکات، چ بگات بەوەی سوپای دوژمن بێنێتە سەر هێزە ڕکەبەرەکەی.
NRT -
