یەکێتی مامۆستایان: چاوەڕوانی دەستکاریکردنی مووچە دەکەین
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، ڕایگەیاند: “سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێی گوتووین کە دەیەوێت ئاراممان هەبێت تا لە سەردانەکەی دەگەڕێتەوە و لەگەڵ حکوومەت کۆدەبێتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مامۆستایان”. گوتیشی: "چاوەڕوانی هاتنەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین".
لەبارەی قسەکانی مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە سەبارەت بە دابینکردنی مووچەی مامۆستایان لەبەغداوە کردبووی، ئەحمەد گەرمیانی گوت: "ئێمە ئەوەمان پێ خۆشە و خزمەت بە مامۆستایانی هەرێمی کوردستات دەکات، بەڵام بکرێت بە کردار، نەک هەر قسەکردن بێت".
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان ڕوونیشی کردەوە کە ئەوان پڕۆژەیان بە حکوومەت داوە، بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە سیستەمی مووچەی مامۆستایاندا بکات. گوتیشی: “چاوەڕوانی وەڵامی حکوومەت دەبین، ئەگەر سیستەمی مووچە دەستکاری بکرێت، ئەوا گۆڕانکاری لە پێدانی مووچەی مامۆستایان دەکرێت کە لەو پڕۆژەیەدا کۆمەڵێک خاڵی هەنووکەیی و هەنێک بە بەرنامەوە دەبێت جێبەجێ بکرێن”.
پێشتر ئەحمەد گەرمیانی ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە ئەوان سەبارەت بە مووچەی مانگی 7ی مامۆستایان، پەیوەندییان بە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە کردووە و گوتی: “ئومێدمان هەیە پێش جەژن مووچەی مانگی 7ی مامۆستایان دابەش بکرێت”.
باسنیوز
