سێ ساڵە هەرێم پرۆژە یاسای بودجەی نییە بۆ ڕێکخستنی خەرجی و داهاتەکانی

سێ ساڵە هەرێم پرۆژە یاسای بودجەی نییە بۆ ڕێکخستنی خەرجی و داهاتەکانی
ماوەی سێ ساڵە حکومەتی هەرێم پرۆژە یاسای بودجەی نەبووە، لە کاتێکدا دەبێت ساڵانە حکومەت یاسای بودجەی هەبێت بۆ ڕێکخستنی داهاتەکان و خەرجیەکانی خۆی.

نەبوونی پرۆژە یاسای بوجە لەساڵەکانی ۲٠۱٤ و ۲٠۱٥ و ۲٠١٦ لە کاتێکدایە کە پێناچێت بۆ ئەمساڵی ٢٠١٧، حکومەتی هەرێم پرۆژە یاسای بودجە ئامادە بکات.

بەشێک لەپەرلەمانتارانیش دەڵێن، خه‌رجكردنی پاره‌ لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە به‌بێ پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ کارێکی نایاساییه‌.

لە بەرامبەردا بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان کە لەسەر پشکی پارتییە، دەڵێت لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان لە شەڕدایە. ئاساییە حکومەتی هەرێم پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵانەی نەبێت.

پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ بریتییه‌ له ‌دانانی بەرنامەیەک بۆ داهات و خه‌رجیەکانی حکومەت تاوه‌كو بتوانرێت وردبینی تێدا بکرێت.

بەڵام بەشێک لەپسپۆڕانی ئابوری دەڵێن، نەبوونی پڕۆژە یاسای بودجە لەسێ ساڵی ڕابردوودا لە هەرێم بۆ بێبەرنامەی حکومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە و ئاماژە بۆ ئەوەشدەکەن ئەگەر هەر وڵاتێک پڕۆژە یاسای بوجەی نەبوو ئەوا ناشەفافی لە داهات و خەرجیەکانیدا دروستدەبێت و دواتریش دەبێتە هۆی دروستبوونی گەندەڵی.

لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم، هیچ پرۆژە یاسایەکی بودجە لەلایەن حکومەتەوە ئامادەنەکراوە، بەرپرسانی حکومەتی هەرێمیش هۆکاری ئامادەنەکردنی پرۆژە یاسای بوجە دەگەڕێننەوە بۆ نەناردنی بودجە لەلایەن حکومەتی عێراق و نەبوونی بودجەی پێویستەوە.

بەڵام یاسای بوجە بە یەکێکە لە ستاندەرە جیهانیەکان دادەنرێت کە شەفافیەتی وڵاتەکەی پێهەڵدەسەنگێنرێت.
NRT -
Top