لە سەبەینێوە هاوردەکردنى تەماتە لە سنووری باشماخەوە بۆ هەرێم ڕادەگیرێت
ئەمڕۆ ٣٠ى ئابی ٢٠١٦ ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ بڵاویکردەوە،نوێنەرى جوتیارانى پێنجوێن و گوندەکانى دەوروبەرى سەردانى بەڕێوەبەرایەتى کۆمەڵگاى دەروازەى نیودەوڵەتیى باشماخ یان کرد و بەناوى سەرجەم جوتیارانى سنوورەکەوە داواکارى یەکیان هەبوو کە هاوکارى یان بکرێت بە ڕاگرتنى هێنانى تەماتە لەدیوى ئێرانەوە بۆ هەرێم.
جوتیارانی سنوورەکە لە دانیشتیاندا لەگەڵ بەرپرسانى قەزاى پێنجوێن ڕایانگەیاندبوو، ئێستا کاتى پێگەیشتنى تەماتەى خۆماڵییە و هاتنى تەماتە لە وڵاتى ئێرانەوە دەبێتە هۆى زیان گەیاندن بە جوتیارانى سنوورەکە.
پاش کۆبونەوەکەش بڕیاردرا بە تەنسیق لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى ئێران، لەپێناو ڕەچاوکردنى بەرژەوەندیى جوتیارانى سنورى پێنجوێن، لە سبەینێوە ٣١ى ئابی ٢٠١٦ بۆ ماوەى مانگێک لەدەروازەى نێودەوڵەتیى باشماخەوە ڕێگە بە هاوردەکردنى تەماتە لە ئێرانەوە نەدرێت، تا بەرهەمى تەماتەى جوتیارانى سنوورەکە ساغ بکرێتەوە.
لەکۆبوونەوەى نێوان نوێنەرى جوتیارە ناڕەزاییەکانى سنوورى پێنجوێندا و بەرپرسانى ئیدارەى قەزاى پێنجوێن هەر یەک لە قایمقامى قەزاى پێنجوێن، سەرپەرشتیارى کۆمەڵگاى دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخ، بەڕێوەبەرى گومرگى باشماخ، بەڕێوەبەرى پۆلیسى پێنجوێن، بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى پێنجوێن، لێپرسراوى جوتیارانى پێنجوێن، بەڕێوەبەر و لێپرسراوى بەشێک لە بنکەو فەرمانگەکانى باشماخ و نوێنەرى جوتیارانى ناڕازیى سنوورى پێنجوێن ئامادە بوون.
ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ ژمارەیەک لە جوتیارانى سنوورى قەزاى پێنجوێن خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و ڕێگەیان لە هاوردەکردنی بەرهەمە دەرەکییەکان گرت لە پێنجوێنەوە بۆ هەرێم و داوایان کردبوو بۆ ماوەى دوو مانگ هاوردەکردنى تەماتە لە ئێرانەوە بۆ هەرێم ڕابگیرێت.
