عومەر نورەدینی"با بە ئاشتیانە لە بەغدا جیا ببینەوە"
دكتۆر (عومەر نوورەدینی) چاودێری سیاسی ڕایگەیاند: "بوونی پەیوەندی هەرێم لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی فیدراڵدا بێت یان چوارچێوەی دوو دەوڵەتی سەبەخۆی دراوسێدا گرنگە، چونكە ئێمە لە ناوچەیەكداین لە دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرژەوەندی هاوبەشمان هەیە و تەحەدیاتی هاوبەشیشمان هەیە، بۆ نموونە لە ڕووی تیرۆر و ئەمنیەوە پێویستمان بەوە هەیە هەماهەنگی و هاوكاریی یەكتر بكەین، لەبەر ئەوەی دوژمنێكی هاوبەشە، هەروەها پێویستە بۆ سەربەخۆیی و ڕاگەیاندنی قەوارەیەكی سەبەخۆ لەگەل ناوەند دانوستان بكرێت و لەڕێگەی دانوستانەوە بێت.
ئەو چاوێرە سیاسیە دەڵێ" ئێستا هەندێ ئاماژە دەبینین سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێ دژی مافی چارەنوسی خەڵكی هەرێمی كوردستان نیە، دەیەوێ دانوستان لەگەل هەرێمی كوردستان بكات و بگاتە ڕێكەوتن، ئامادەیی نیشانداوە لەبارەی مەلەفی نەوتیشەوە گفتوگۆ لەگەل هەرێمی كوردستان بكات پێم وایە دانوستان باشە لە نێوانی هەولێر و بەغدا بكرێت، چونكە بەڵایەنی كەمەوە ئەگەر دەستكەوتیش بەدەستەوە نەهێنین لە ئەنجامی دانوستانەكان ئەوە زیانی نابێت.
دكتۆر عومەر نوورەدینی گوتیشی: "بەكارهێنانی میكانیزمی ئاشتیانە و دیالۆگ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەبێت ئامرازێك بێت هەمیشە لە دەستماندا بێت و بەكاری بهێنین و سوودی لێوەربگرین، لەهەر كات و شوێنێك پێویستی كرد میكانیزمی ئاشتیانە بگرینە بەر مێژووی نێوان قەوارە سیاسی و دەوڵەتەكان ئەوەیان سەلماندووە كە میكانیزمێكە ئەنجامی باش دەدات بەدەستەوە، ڕەنگە بڵێین بەغدا زوو پێشوازی لە داواكاری كورد بۆ ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی وەڵامی دەبێت، لەوانەیە لەكاتێكی زوودا ئەوە ڕوونەدات، بەڵام كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر ئەوەی بە ئەنجام و پێشنیاری تازە بگەین، هەوڵ بدرێت پەیوەندیەكان لەسەر بنەمای ئەوەی پێدەڵێن سەردەمی نەرم و كێشە بە گفتوگۆ چارە دەكرێ نەك بە هێز و توندوتیژی."
KDP
