نەوزاد هادی: گۆڕانکاری لە یەکەئیداریەکانی پارێزگاری هەولێر سەرکەوتووانە هەنگاو دەنێت
بەهۆی شەری مووسڵەوە ملیۆنێک کەس ئاوارە دەبێت
دیارە ئەوەندەی نەماوە شەڕی ئازادکردنەوەی مووسڵ هەڵبگیرسێت؛ نەتەوە یەکگرتووەکان وای دەبینێت خەڵکێکی یەکجار زۆر ئاوارە ببن و ڕووەو هەولێر بێن؛ نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر دەربارەی داڵدەدانی ئەو هەموو ئاووارەیە دەڵێ: "بەڵی ئامادەکاری کراوە و پێشووتر لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان دراسەی ئەو بابەتە کراوە؛ پلانی درێژخایەن لەو بارەوە دانراوە، خەرجەکەیشی دانراوە کە چۆن پێشوازی لەو خەڵکە بکرێت. ئەمەی لەسەر ئێمەشە هاوکاریان دەبین کەمپەکانیان لە دەوروبەری خازر دروست دەکەین، ئێستاش ئەو کارانە و ئامادەکارییەکان دەستی پێکردووە، لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت بەهۆی شەڕی مووسڵەوە یەک ملیۆن کەس ئاوارە ببێت کە ئەمەش ئامادەباشییەکی تەواوی دەوێت".
لەبارەی هاوکاری حکوومەتی عێراقەوە نەوزاد هادی ئاماژە بەوە دەکات کە لێژنەیەک پێک هاتووە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکان و حکوومەتی عێراقەوە بۆ ئەوەی ئەو لێژنە ئامادەکاری خۆی بکات.
قەیرانێکی قورس هەیە
لەسەر پرسی ڕاوەستانی پرۆژە ستراتیژیەکان و کەمبوونەوەی پارە و بودجە بۆ پڕۆژەکانی شاری هەولێر پارێزگاری هەولێر ئاماژە بەوە دەکات حکوومەت لە قەیرانی داراییدایە و، پارە ناداتە پرۆژەکان، تەنیا ئەوە نەبێت کە ئەو پارەی لە ٪٢٠ داویەتە شارەوانییەکان بەپێی ئەو پارەیە کار دەکرێت، بەڵام ئێستا زۆربەی زۆری پڕۆژە ستراتیژیەکانی شاری هەولێر ڕاوەستاوە؛ بۆیە ئێمە چونکە بەشێکین لە دەسەڵاتی جێبەجێکار، دەزانین کە بوودجە نییە، بۆیە زۆر ناهێنین بۆ حکوومەت کە پارەمان بداتێ، خۆمان دەزانین وەڵامەکەی چییە."
قایمقامە نوێیەکان دەسبەکار دەبن
نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر دەربارەی گۆڕانکاری ئیداری لە یەکە ئیداریەکانی پارێزگاری هەولێر و ئەو بڕیارە کە فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگا داویەتی بۆ گۆڕانکاری بە هاوبەشیی پارێزگار دەڵێت: "ئێمە لە پارێزگا بڕیارمان دا بۆ گۆڕانکاری لە یەکە ئیداریەکان دواتر ئەنجومەنی پارێزگا دەنگی لەسەر دا بە جۆرێک ئەو پێشنیارانەی پارێزگار بەرزی کردووەتەوە ئەنجومەنی دەنگی لەسەر داوە و ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەر داوە، بۆیە گۆڕانکاریەکان پێشوازی باشی لێوەکراوە، چونکە ئەمە بەدراسەت کراوە دواتر بڕیارە ئەمرۆ (30\8\2016)، قائیمقامە نوێییەکان دەست بەکاربن کە چەند قائیمقامێکن لە ئەمڕۆوە دەسبەکار دەبن."
دابەشکردنی زەوی ڕاگیراوە
پارێزگاری هەولێر لەسەر پرسی دابەشکردنی زەوی لە شاری هەولێر و ڕاوەستانی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر خەڵک و فەرمانبەران و ڕاوەستانی وام (سلفە)ی زەماوەن (زەواج) و خانوو دەڵێت: "ئێستا دەسەڵاتی دابەشکردنی زەوی بەدەست ئەنجومەنی وەزیرانەوەیە، هەر لەوێیشەوە فەرمانی ڕاوەستانی دابەشکردنی زەوی دراوە، لەسەر دامەزراندیش بەهەمان شێوە ئەنجومەنی وەزیران پرۆسەی دامەزراندنی بەهۆی بوجە و قەیرانی داراییەوە ڕاگیراوە، بەڵام لەهەموو دونیا کاتێک قورتابی لە زانۆ و پەیامانگاکان دەردەچن دەبێت ڕێگا خۆش بکرێت بۆ ئەوەی ئەو قوتابیانەی لە کەرتی تایبەت کاربکەن کە ئەمە زۆر گرنگە ئەم سێکتەرە حکوومەت کاری لەسەر بکات ئەمە شتێکی گرنگە کە حکوومەت پاڵپشتی کەرتی تایبەت بکات ژینگەیەک دروست بکات کە کەرتی تایبەت گەشە بکات بۆ ئەوەی وەک هەموو دونیا ڕێگا بۆ دەرچوان بکاتەوە کاربکات، بۆ نمونە دەزگای ڕوانگە ئەمرۆ ٥٠٠ کەسی دامەزراندووە کە لەکەرتی تایبەت کە ئەمە زۆر گرنگە ئەم جۆرە کارانە برەوی پێبدرێت چونکە لە هەموو دنیا وایە کە ئەوەندە خەڵک لە کەرتی تایبەت کار دەکات لە حکوومەت کار ناکات."
چاوەڕوانین قەیرانی دارایی ببڕێتەوە
نەوزاد هادی ئاماژە بەوە دەکات کە وەک پارێزگا چاوەڕوانی ئەوەن کە هەرێمی کوردستان لەم قەیرانە داراییە ڕزگاری ببێت و دووبارە دەست بکرێتەوە بە پرۆژەی گرنگ؛ وەک خۆی دەڵێت لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو شاری هەولێر گەشەیەکی زۆر باشی بەخۆیەوە بینیبوو کە سەرنجی هەموو وڵاتانی بۆ خۆری ڕاکێشابوو ئەم قەیرانە کاریگەری یەکجار زۆر هەبووە لە سەر ڕاوەستانی پرۆژە خزمەت گوزاری و پرۆژە ستراتیژیەکان بۆیە چاوەڕوانی ئەوە دکەین کە ئەم قەیرانە کۆتای پێ بێت و پرۆژەکان بکەونەوە سەر ڕێرەوی ئاسایی خۆیان.
مەترسی لەسەر شاری هەولێر نەماوە
دوای پرۆسەی ئازادکردنەوەی چەندی گوندێکی میحوەری گوێر و میحوەری خازر کە فەرماندە سەربازییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ئۆپەراسیۆنە وادەکات مەترسی لەسەر شاری هەولێر نەمێنێت نەوزاد هادی دەلێت:" بەدڵناییەوە هیچ مەترسییەک لەسەر شاری هەولێر نییە ئەو ئۆپرەاسیۆنانە وای کردووە کە داعش لە ئاستێکی یەکجار دوورەوە لە شاری هەولێر بێت و ئێستاش شاری هەولێر لە مەترسی دوورکەوتوەتەوە کە قارەمانی هێزی پێشمەرگە وای کردووە خەڵک بە سەربەرزی لە شارەکاندا بژین.
KDP
