هەولێر.. ئەمڕۆ چوار قایمقام دەست بەکار دەبن
کەنعان خەیلانی، سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە (باسنیوز)ی راگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ شوێنێک بۆ قایمقامە کۆنەکان دیاری نەکراوە و لە ناو دیوانی پارێزگا دەوام دەکەن.
کەنعان خەیلانی هەروەها رایگەیاند، کە کاتژمێر 11ـی سەرلەبەیانیی رۆژی سێشەممە 30ـی ئابی 2016، ھەر چوار قایمقامی چۆمان، رەواندز، شەقڵاوە و خەبات دەست بەکار دەبن.
سەرۆکی لیستی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، کە نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر سەرپەرشتیی دەست بەکار بوونی ئەو چوار قایمقامە دەکات.
لە چوارچێوەی گۆڕانکاریی و چاکسازییەکان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری گۆڕین و جێگۆڕکێ پێکردنی چەند قایمقامێکی دا.
بەپێی بڕیارەکە، ئەحمەد قادر حەمەدەمین وەک قایمقامی نوێی چۆمان، کوێستان ئەحمەد قادر، وەک قایمقامی نوێی رواندز، جوان رەفیع فەتحوڵلا، وەک قایمقامی نوێی شەقڵاوە و هێمن قادر فەقێ عەبدوڵڵا وەک قایمقامی نوێی خەبات دەست بەکار دەبن.
باسنیوز
