سەرۆك بارزانی تورکیا رازی دەکات و ھەمووان چاوەڕێی ئاگربەستی پەکەکەن

سەرۆك بارزانی تورکیا رازی دەکات و ھەمووان چاوەڕێی ئاگربەستی پەکەکەن
بەرپرسانی تورکیا بۆ گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ، لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK)، ئامادەیی خۆیان بە سەرۆك بارزانی پیشان داوە، بەڵام پرسەکەیان بەستووەتەوە بە بڕیاری ئاگربەست لەلایەن پەکەکەوە.



پێشتر، لە سەردەمی پڕۆسەی ئاشتیدا عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی PKK، داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت و تیایدا تاوتوێی دانانی چەک بکەن، بەڵام بەرپرسانی حزبەکەی لە قەندیل ئەو کۆنگرەیەیان ئەنجام نەدا و دواتریش شەڕ دەستی پێکردەوە.



بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە سەردانەکەی دا بۆ تورکیا مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان یەکێک لەو مەسەلە گرنگانەی کە لەگەڵ سەرکۆمار و سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەدا باسی کردووە، چۆنیەتیی گەڕانەوە بووە بۆ ئاشتی و چارەسەری مەسەلەی کورد لە تورکیا، تورکیاش ئامادەیی بۆ چارەسەری کێشەی کورد پیشان داوە، بەڵام رەتی کردووەتەوە پەکەکە بە نوێنەری کورد لە تورکیا بزانن، لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەن گفتوگۆی لەگەڵدا بکەن.



سەرچاوەکە زیاتر روونیشی کردەوە، سەرەڕای ئەوەی کە دەوڵەتی تورکیا بە شێوەیەکی گشتی ئامادەیی بۆ قبووڵکردنی ھەوڵەکانی بارزانی داوە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ PKK، بەڵام ئامادە نەبوون لە ئێستا ڕاستەوخۆ و بێ مەرج جارێکی تر ئەو دەرگایە لەگەڵ PKKدا بکەنەوە.



بەپێی ئەو سەرچاوەیە، بەرپرسانی تورکیا زۆر تووڕەن لەو رێوشوێنانەی کە PKK گرتووینیەتە بەر لە باکووری کوردستان، کە بەپێی قسەی سەرۆک وەزیرانی تورکیا، ئەو کارانەی PKK ماڵوێرانی زۆری بۆ خەڵکی تورکیا لێ کەوتووەتەوە، کە جێگەی قبووڵکردن نین.



ھەر بەپێی سەرچاوەکە، سەرۆک وەزیرانی تورکیا بن عەلی یەڵدرم، چەندین بەڵگەی خستووەتە بەر دەستی بارزانی، کە بەپێی ئەو بەڵگانە PKK دەستی ھەبووە لە سەدان کاری تیرۆستی و ئەنجامدانی تەقینەوە لە تورکیا.



بەپێی ئەو بەڵگانە، دەوڵەتی تورکیا رێگەی لە دەیان کاری خۆکوژی گرتووە کە PKK ویستوویەتی ئەنجامی بدات، ھەر بۆیەش بە گوتەی سەرچاوەکە، لە ئێستا و بەخێرایی ئاماژەی ئەوە لەئارادا نین کە گفتوگۆ لەنێوان تورکیا و پەکەکە دەست پێبکاتەوە ئەگەر بێت و PKK ئەو کارانە ڕانەوەستێنێت و یەکلایەنە ئاگربەست ڕانەگەیەنێت.



دکتۆر فایەق گوڵپی، چاودێری سیاسیی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان PKK بۆ (باس) رای گەیاند، پەکەکە ئامادەیە چالاکییەکانی رابگرێت، بەڵام ئەوەی گوێبیستی بووین بۆ چەکدانان ئەوە پرسێکی دیکەیە، گوتی: "لەم قۆناغەدا چەکدانان زۆر زەحمەتە، پەکەکە پڕۆژەی ھەیە، ئەگەر ھات و کێشەی کورد لە تورکیا چارەسەری دەستووری و یاسایی و سیاسیی بۆ دانرا، ئەوا ئەوانیش ئاساییە چەک دادەنێن، بەڵام ھەر لەسەرەتاوە چەکدانان جێگەی متمانە نییە، بە تایبەتی لەم قۆناغەدا کە پەکەکە لەلایەکی دیکە لەگەڵ رێکخراوی تیرۆرستیی داعش لە شەڕدایە".



ئەو چاودێرە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، تورکیا دەبێ بۆ گفتوگۆ لەگەڵ پەکەکە سەرەتا وەڵامی ئەوەیان بداتەوە کە داوایان کردووە ھەواڵی عەبدوڵا ئۆجەلان چییە؟ گوتی: "ماوەیەکی زۆرە پارێزەرەکانی سەردانیان راگیراوە، ساڵێک زیاترە کەسوکاری و حزبەکەیان سەردانیان نەکردووە، لەدوای کودەتا سەربازییەکەوە کۆمەڵێک ھەواڵی سەیر ھەن، کە دەبێت بزانرێت دۆخی بەڕێز ئۆجەلان چۆنە".



راشی گەیاند، شوبھاندنی پەکەکە بە داعش لەلایەن تورکیاوە و نەبوونی ھەواڵ لەسەر تەندروستیی ئۆجەلان، وا دەکات متمانە بە دەستپێشخەرییەکانی تورکیا نەبێ.



لای خۆشیەوە لە دوا راگەیەنراویدا، کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، رای گەیاندووە: "بۆ چارەسەریی پرسەکە و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ، پێویستە دەوڵەتی تورکیا ھەنگاوی یەکەم بنێت، ئەگەر تورکیا ھەنگاوی جدیی بنێ، ئەوا ئەوانیش بۆ پرسەکە ئامادە دەبن".



لەبارەی گەڕانەوەش بۆ دۆخی ئاشتی و کۆتایی شەڕ، کەجەکە لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت: "حکوومەتی ئاکەپە بۆ چارەسەری پرسی کورد دەتوانێت بەڵێن بە خەڵکی تورکیا بدات و نیازپاکیی خۆی بسەلمێنیت، دوای ئەوە شاندێکی پەرلەمانی تورکیا کە ھەدەپەش لەناویاندا بێت بچنە ئیمراڵی بۆ دیداری ئۆجەلان و ئەوکاتە راستەوخۆ پڕۆسەی گفتوگۆ دەست پێبکاتەوە، پاشان، پەکەکە و کەجەکە و حزبەکانی ناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا و پێکھاتەی عەلەوییەکان و رۆشنبیران و کۆمەڵگەی مەدەنی بچنە ناو گفتوگۆکانەوە".






باسنیوز
Top