ژنێک لەداخی مێردەکەی خۆی دەخنکێنێت

 ژنێک لەداخی مێردەکەی خۆی دەخنکێنێت
نەسرین بەهۆی ناكۆكی لەگەڵ مێردەكەی پەنای بۆ خۆكوشتن برد، دوای خۆیشی دوو منداڵی بۆ كەسوكارەكەی جێهێشت. ماڵی باوكی ئەو ژنە سكاڵایان لەسەر مێردەكەی تۆمار كردووە، بەڵام دەڵێن لێی خۆش دەبن.

رۆژی 21/8/2016 ژنێكی تەمەن 23 ساڵ، بەنێوی نەسرین هاشم، دانیشتووی گوندی شێخ لەنگەر لە نزیك شارۆچكەی كەلار، لە ماڵەكەی خۆیاندا بە پەت خۆی خنكاند، لەسەر سكاڵای كەسوكاریشی، مێردەكەی بەناوی (ج.ح) بەند كرا.

عەقید لەمیعە محەممەد، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە گەرمیان راگەیاند "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان، ئەو ژنە بەهۆی كێشەی خێزانییەوە لەگەڵ مێردەكەیدا پەنای بۆ خۆخنكاندن بردووە و مێردەكەشی لەسەر سكاڵای دایك و باوكی ژنەكە، بەپێی ماددەی 411 دەستگیركراوە. ئەو ماددەیە تایبەتە بە هاندان بۆ خۆكوشتن".

نەسرین ماوەی حەوت ساڵ بوو شووی بە (ج) كردبوو كە ئامۆزای خۆی بوو. لە گوندی شێخ لەنگەر لە تەنیشت ماڵی باوكی دەژیا. لە یەكەم رۆژی پرسەی نەسریندا لە مزگەوتی گوندەكەیان، هاشم عەبد باوكی نەسرین گوتی: كچەكەی چووەتە ژووری میوانەكەیان و دەرگای لەسەر خۆی داخستووە، پاشان چووەتە سەر پەیژەیەك و بە پەت خۆی خنكاندووە.

هاشم گوتی "لە كاتی رووداوەكەدا، مێردەكەی لە ماڵ نەبووە، منداڵەكانیشی لە حەوشە بوون، بەڵام یەكێك لە منداڵەكانی گریاوە، دایكی نەسرین ویستبووی بزانێت بۆچی دەگریەت، كاتێك بەدوای نەسریندا گەڕاوە بینیویەتی خۆی هەڵواسیوە".

هاشم نەیشاردەوە كە كچەكەی كێشەی لەگەڵ مێردەكەی هەبووە و گوتی "ئەوان لەو ماوەیە كێشەیان هەبوو، ئەویش بەهۆی خراپیی باری ئابووریان بوو، زاواكەم كرێكاریی دەكرد و كەمدەرامەت بوو، نەسرینیش نەخۆشیی ژنانەی هەبوو، پێی گوتبوو بیباتە لای پزیشك، بەڵام مێردەكەی گوتبووی توانام نییە. لەسەر ئەوە دەمەقاڵە لە نێوانیاندا روویدابوو، پیاوەكە لە نەسرینی دابوو".

وەكو باوكی باسی كرد، لەسەر ئەو كێشانە كچەكەی نەتۆراوە و گوتی "لەو دوو مانگەدا نەسرین نەتۆرا، ئێمەش چەند جارێك قسەمان لەگەڵ مێردەكەی كرد، بەڵام دەیگوت پارەم نییە، بۆیە خۆمان بردمانە لای پزیشك".

سەبارەت بە تۆماركردنی سكاڵا لەسەر (ج)، هاشم گوتی "لەبەرئەوەی كاتێك ژنەكەی داوای كردووە بیبات بۆ لای پزیشك، ئەو لێی داوە و ئێمەش لەسەر ئەو لێدانە سكاڵامان لەسەر تۆمار كرد".

بەگوتەی هاشم، هەر لەبەر خراپیی مێردەكەی، پێشتریش كچەكەی هەڕەشەی خۆكوشتنی كردووە و گوتی "سێ رۆژ پێشتر بە دایكی گوتبوو ئەگەر مێردەكەم هەروا خراپ بێت خۆم دەكوژم، بەڵام لەو باوەڕەدا نەبووین ئەو كارە بكات".

هەرچەندە ئەوان لە یەكەم رۆژی خۆكوشتنی كچەكەیاندا، سكاڵایان لە دژی زاواكەیان تۆمار كردبوو، بەڵام رۆژێك دوای رووداوەكە باوكی نەسرین گوتی "لە مێردی نەسرین خۆش دەبین. كێشەشمان لەگەڵ ماڵی باوكی نییە".

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان كە دوای رووداوەكە بەدواداچوونی زیاتریان بۆ دۆسیەكە كردووە، دەڵێن ئەو ژنە هەر لە تەمەنی مێرمنداڵیدا و دوور لە خواستی خۆی بەشوو دراوە. عەقید لەمیعە گوتی "رەنگە لایەنی ماددیی یەكێك لە هۆكارەكان بێت، بەڵام بەپێی بەدواداچوونمان هۆكارێكی دیكەش هەبووە، ئەو كچە لە تەمەنی 16 ساڵیدا لەلایەن كەسوكارییەوە بەشوو دراوە و بە خواستی خۆیشی نەبووە".

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان، لەماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا چوار ئافرەت لە سنووری گەرمیان خۆیان كوشتووە.

لە مانگی نیسانی ئەمساڵیشدا لە ناحیەی رزگاری ژنێكی دیكە كە شووی بە پوورزایەكی خۆی كردبوو، خۆی كوشت. لەلایەن كەسوكارییەوە سكاڵا لەسەر مێردەكەی تۆمار كرا، بەڵام دواتر لێی خۆشبوون.

عەقید لەمیعە ئەو لێخۆشبوونانەی بۆ چەند هۆكارێك گەڕاندەوە و گوتی "رەنگە خێزانەكان بیر لە منداڵەكان بكەنەوە كە دوای دایكیان، بێ باوكیش نەبن، جگە لەوەش ئەوەندەی خزمایەتی دەخوێننەوە ئەوەندە بیر لە هاندان بۆ خۆكوشتنەكە ناكەنەوە و زۆرجاریش سوڵحی عەشایەریی دەكەن".


رووداو-
Top