مەسرور بارزانی: داعش لاوازتر بووە و تووشی ترازانیش هاتوون
لەو دیدارەدا كە هەفتەی رابردوو ئەنجام دراوە، مەسرور بارزانی رایدەگەیەنێ "ئێمە وای دەبینین داعش لاوازتر دەبێت، ئێستە ورەیان نزمترە ئەگەر بەراوردی بكەی لەگەڵ پێشوو، هەندێك لە ئەندامانی داعش لە موسڵ لە ڕێكخراوە تیرۆریستیەكە ترازاون، چەندین كێشەش لەنێو شارەكەدا دروست بووە. لەوانەش كوشتن و دزیكردن و زۆر كێشەی تر كە پێشتر لە شارەكەدا نەبوون. ئەمانەش بەڵگەن بۆ ئەوەی كە داعش لەناوەخۆشیدا كۆنترۆڵی لەدەست داوە و كێشەی ئاسایشی هەیە".
لە وەڵامی پرسیارێكی رۆژنامەنووسەكەی ABC news داخۆ دەكرێ ئۆپەراسیۆنێك لەناوەوەی شاری موسڵدا بەهاوكاری خەڵكی موسڵ لە دژی داعش ئەنجام بدرێ؟ ڕاوێژكاری ئاژانسی پاراستنی هەرێمی كوردستان دەڵێ "ئەوە قورسە ئۆپەراسیۆن لەنێو موسڵدا ئەنجام بدرێ، خەڵكی شارەكە هێشتا لە داعش دەترسن،
مەسرور بارزانی دەڵێ "وەك دەشزانین ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستیە چەند وەحشیگەرە، هەر هەڵەیەك یان دزەكردنی زانیارییەك ئەگەری هەیە ببێتە هۆی كارەساتی گەورە، بۆیە خەڵكی نێو شارەكە زۆر دڵنیا نین لەوەی بتوانن لە بەرانبەر داعش ڕابن یاخود ئەو چالاكییانە ئەنجام بدەن كە لەوانەیە بەهیوای ئەنجامدانیان بن. بەڵام ئەوان چاوەڕوانی ئەوە دەكەن هێزی ڕزگاركەر لە شارەكە نزیكتر بێتەوە، هەروەها ئێمە زانیارییمان هەیە لەبارەی بەئامانج گرتنی فەرماندەكانی داعش لەنێو شارەكە، هەروەها لەبارەی لێدانی سەرچاوە داراییەكانی داعش و كۆگاكانی حەشاردانی پارە لەلایەن خەڵكی شارەكەوە".
پێشكەشكارەكە لەبارەی هەنگاوی دوای رزگاركردنەوەی موسڵ دەپرسێ ئەگەر نیو ملیۆن هاووڵاتی لەنێو شارەكە بن، ئەوا پێویستیان بە25 هەزار پۆلیس و سەرباز دەبێ بۆ راگرتنی شارەكە، ئایا ئەم هێزە بەردەستە، بەتایبەتی كە شیعە دەستی بەسەر سوپای عێراقدا گرتووە؟ مەسرور بارزانی دەڵێ "سەرەتا ئازادكردنەوەی موسڵ گرنگە، دەبێ سەرەتا داعش بكەینە دەرەوە، ئینجا بەهەمان قەبارە ئەوە گرنگە چۆن موسڵ لەدوای داعش بەڕێوەدەبرێت. پاراستنی ئاسایشی نێو موسڵ زۆر گرنگە، ئەگەر تەماشای موسڵ بكەی، دەبینی خەڵكی زۆر جیاواز بەچەندین باكگراوند و كولتووری جیاوازەوە لەو شارە دەژین، كوردی لێیە، عەرەبی سونە و شیعەی لێیە، توركمانی لێیە بەسونە و شیعەیەوە، لەگەڵ مەسیحی و ئێزیدی و شەبەك، هەموو ئەو گرووپە ئاینی و نەتەوەییە جیاوازانە لە شارەكەدا دەژین. هەریەك لەوانە دەیانەوێ داهاتووی ژیان و ئاسایشیان پارێزراو بكرێت. هەمووشیان دەخوازن ڕۆڵیان لە بەڕێوەبردنی شارەكەدا هەبێت. بۆیە ئێمە لەبارەی داهاتووی شارەكەوە لەگەڵ حكومەتی بەغدا و هێزەكانی هاوپەیمانان لە گفتوگۆداین، داخۆ چۆن باشترین میكانیزم بدۆزینەوە بۆ ئەوەی هەموو خەڵكە جیاوازانە لە شارەكەدا بحاوێنەوە و ڕەزامەند بن.
لەبارەی ئەوەی داخۆ كورد دەچنە نێو شاری موسڵەوە؟ مەسرور بارزانی گوتی "ئەگەر لەنێوان لایەنەكاندا ڕێكەوتنێكی پێشوەختە هەبێت لەگەڵ عێراق و هێزەكانی هاوپەیمانان كورد بەشێوەیەك دەچێتە نێو موسڵەوە كە لەلایەن هەمووانەوە قبووڵ بكرێت، بەڵام ئێستە ئێمە وەكو كورد دۆخێكی جیۆپۆلەتیكی سنووردارمان هەیە لەبارەی ئەوەی داخۆ دەتوانین هەتا كوێ بچینە پێش. ئێستە ئێمە 27 هەزار كیلۆمەتری چوارگۆشەمان ڕزگار كردووە كە لەلایەن داعشەوە داگیر كرابوو. زۆربەی هەرە زۆری ئەو ناوچانەش ناوچەی كوردستانی بوون. بۆ ئەوەی بچینە ئەودیوی ئەو سنوورانەشەوە، پێویستمان بەڕێكەوتن دەبێت لەگەڵ حكومەتی لۆكاڵی لە بەغدا، ئێستەش موسڵ یەكێكە لەو ناوچانەی كە پێویستی بەلەیەكتری تێگەیشتن و ڕێكەوتنی پێش وەختە هەیە بۆ ئەوەی كورد هەنگاوی بۆ بنێت و بزانین تا كوێ دەتوانین بچین، بۆ ئەوەی هیچ حەساسیەتێك دروست نەكەین.
ئایا پێتوایە لە دوای شكانی داعش و رزگاركردنەوەی موسڵ، جارێكی تر داعش لەو شارە سەرهەڵدەداتەوە؟ مەسرور بارزانی دەڵێ "ئەمە لەسەر ئەوە دەوەستێ كە چۆن پلانێك بۆ دوای رزگاركردنەوەی شارەكە دادەندرێت، بەو هیوایەی هەمووان لەوە تێبگەن كە لە دوای رزگاركردنەوە، پێویست بەپاكردنەوەی شارەكە هەیە لە ڕێكخراوەكە، هەروەها زۆر گرنگە ڕێز لە تەواوی پێكهاتەكان بگیرێ و وایان لێ بكرێ هەست بەئاسوودەیی بكەن لە شارەكە.
Basnews-
