نێچیرڤان بارزانی و عەبادی بۆ چارەكردنی كێشەكان داكۆكی لەسەر دیالۆگ دەكەنەوە

نێچیرڤان بارزانی و عەبادی بۆ چارەكردنی كێشەكان داكۆكی لەسەر دیالۆگ دەكەنەوە
لە دیداری سەرۆکوەزیرانی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵدا، هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ لە پرۆسەی ئازادكرنەوەی مووسڵدا و پابەندیی هەموو لایەك بە پلانی ئازادكرنەوە و بەهاناوەهاتنی خەڵكی سڤیل و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنی خۆیان و دەركردنی داعش، دووپات كرایەوە، هەروەك گرنگیی یەكهەڵوێستی و هاوكاریی نێوان هەموولایەك جەختی لەسەر كرایەوە.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٩-٨-٢٠١٦ نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆكایەتیی شاندێكی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدراڵ كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكوەزیرانی عێراق خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری بۆ بەغدا دەربڕی و هەردوولا بەردەوامیی گفتوگۆ و دانوستانەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی عێراقیان بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێك بۆ كێشەكان و سروشتی پەیوەندیی داهاتووی نێوان هەردوولا كە لە بەرژوەندیی عێراق و هەرێمی كوردستاندا بێت، دووپات كردەوە.

سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ كرد بۆ ئەو سەركەوتنانەی كە سوپای عێراق لە بەرەكانی جەنگدا لە دژی تیرۆرستانی داعش بەدەستیان هێناوە و هیوای خواست سەركەوتنەكان تا بنەبڕكردنی داعش لە عێراق بەردەوام بن.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا بابەتی بەرهەمهێنان و دابەشكردنی نەوت و مافەكانی هەرێمی كوردستان و كەركووك خرایە ڕوو و لەمبارەیەشەوە لەسەر ئەوە ڕێككەوتن كە گفتوگۆی تەكنیكی لەنێوان هەردوو وەزارەتی نەوتی فیدرالی و سەرچاوە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت.

هەردوولا هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵیان لە پرۆسەی ئازادكرنەوەی مووسڵدا و پابەندیی هەموو لایەك بە پلانی ئازادكرنەوە و بەهاناوەهاتنی خەڵكی سڤیل و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنی خۆیان و دەركردنی داعش، دووپات كردەوە، هەروەك گرنگیی یەكهەڵوێستی و هاوكاریی نێوان هەموولایەك جەختی لەسەر كرایەوە.
PDK -
Top