وەزارەتی پێشمەرگە رەتیدەكاتەوە هەلیكۆپتەرەكانی ئاغجەلەر سەر بە ئەوان بن
ئێوارەی رۆژی 29-8-2016 بەهۆی تەقەی چوار هەلیكۆپتەرەوە ئاگرێك لە دەشتاییەكانی شارۆچکەی ئاغجەلەری سەر بە قەزای چەمچەماڵ كەوتەوە، بەهۆی ئاگرەكەشەوە پووش و پاوانێكی زۆر سووتاوە، بەڵام تەقەكردنەكە هیچ زیانێكی گیانی نەبووە.
ئامانج محەممەد، قایمقامی چەمچەماڵ راگەیاند، بەپێی قسەی سەرجەم شایەتحاڵەكان چوار هەلیكۆپتەر لە هەولێرەوە هاتوون و ئەو ناوچەیان بۆردوومان كردووە، بەڵام تاوەكو ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندارەكان روونكردنەوەیان لە بارەی ئەو رووداوە پێنەداون.
ئامانج محەممەد گوتیشی "ئەو چوار هەلیكۆپتەرە لە ناوچەی قەشقە سەر بە شارۆچكەی قوشتەپە هاتوونەتە ناوچەی شوان و شێخ بزێنی و ئەو گوندانەیان بۆردوومان كردووە".
قائیمقامی چەمچەماڵ هۆشداری دەدات و دەڵێت "خەڵكی ئەو ناوچانە چەكی سووك و مامناوەندییان هەیە، دەڵێن بەرگری لە خۆمان دەكەین، ئەگەر سنوورێك بۆ ئەو حاڵەتانە دانەندرێت كاردانەوەی خەڵك باش نابێت".
ئامانج محەممەد دەشڵێت "ئەو هەلیكۆپتەرانە بێ ناسنامە بن. ئەوە دووەم و سێیەمینجارە حاڵەتی لەو شێوەیە لە سنوورەكەی ئێمەدا روودەدات، بەڵام بەداخەوە هەردوو لایەنی وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ، كە لایەنی پەیوەندارن بە ئاشكراكردنی حاڵەتی لەو شێوەیە، تاوەكو ئێستا بێ ئاگایی خۆیان راگەیاندووە و ناكرێت هەروا دەستەوەستان بن، ئەوان لە دەرەوەی سنووری كوردستان دەپارێزن و چۆن ئاگاداری رووداوێكی لەو شێوە نین".
عەمید هەڵگورد حیكمەت، بەرێوەبەری راگەیاندنی و هۆشیاری نیشتمانی وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاند "وەكو وەزارەتی پێشمەرگە فڕۆكە و هێلیكۆپتەرمان نییە و هیچ زانیارییەكمان لە سەر ئەو رووداوەی ئاغجەلەر نییە".
هاوكات جەلال شێخ كەریم، بریكاری وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان راگەیاند، ئەو هەلیكۆپتەرانە سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و سەر بە هێزەكانی دژەتیرۆر نەبوونە و كۆپتەرەكانی ئەوان لەو ناوچەیە فڕینیان نەبووە.
بریكاری وەزیری ناوخۆ بەدووریزانی حكومەتی عێراق هەلیكۆپتەر بنێرێتە ئەو ناوچانە و دەڵێت "بەو پێیەبێت ئەوەی لە ئاغجەلەر تەقەی كردووە، رەنگە كۆپتەری هێزەكانی هاوپەیمانان بووبێت".
رووداو -
