نێچیرڤان بارزانی و عەمار ئەلحەكیم گرنگیی هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا دووپات دەكەنەوە

 نێچیرڤان بارزانی و عەمار ئەلحەكیم گرنگیی هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا دووپات دەكەنەوە
لەدیداری سەرۆکوەزیرانی کوردستان و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراقدا، هەردوولا هاوڕابوون كە پێویستە هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر تەواوی كێشەكان و سروشتی پەیوەندیی داهاتووی نێوان هەولێر و بەغدا لە گفتوگۆ و دیالۆگی بەردەوامدابن بۆ ئەوەی بگەنە چارە و لێكگەیشتنێكی وا كە لە بەرژوەندی هەرێمی كوردستان و تەواوی عێراقدا بێت.

لە بەرەوامیی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٩-٨-٢٠١٦ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری، لەگەڵ عەمار ئەلحەكیم سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراقی كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا دوایین پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆر و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەسەر تیرۆرستانی داعشدا لە بەرە جیاوازەكانی جەنگ تاوتوێكرا و داكۆكی لەسەر گرنگیی هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان لە ئۆپەراسیۆنەكانی ڕزگاركردنی شاری مووسڵدا كرایەوە، هەروەها تیشك خرایە سەر قۆناغی دوای ڕزگاركردنی شاری مووسڵ و ئایندەی پرۆسەی سیاسیی عێراق دوای ئۆپەراسیۆنەكە.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرا و جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی گفتوگۆ و لێكگەیشتن بۆ چارەكردنی كێشەكانی نەوت و بودجە و مادەی سەدوچل و تەواوی ئەو كێشانەی لەنێوان هەردوولا دان، كرایەوە، هەروەها باس لە گرینگیی بەردەوامیی هاوپەیمانی شیعی كوردستانی بۆ بەرژوەندیی عێراق و هەرێمی كوردستان بە تەواوی پێكهاتەكانییەوە، كرا.

پرۆسەی سیاسیی عێراق و ناكۆكییەكانی نێوان لایەنەكان و گرنگیی هەبوونی كەشێكی ئارامی سیاسی لە عێراق و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و لایەنەكان و ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنەوەی شاری مووسڵ و واقعی نوێی قۆناغی دوای ئازادكرنی شارەكە، لایەنێكی دیكەی گفتوگۆكە بوو.

هەردوولا هاوڕابوون كە پێویستە هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر تەواوی كێشەكان و سروشتی پەیوەندیی داهاتووی نێوان هەولێر و بەغدا لە گفتوگۆ و دیالۆگی بەردەوامدابن بۆ ئەوەی بگەنە چارە و لێكگەیشتنێكی وا كە لە بەرژوەندی هەرێمی كوردستان و تەواوی عێراقدا بێت.


PDK.info
Top