نێچیرڤان بارزانی و عەبادی لەسەر گفتوگۆی تەكنیكی بۆ چارەسەری پرسی نەوت رێككەوتن

نێچیرڤان بارزانی و عەبادی لەسەر گفتوگۆی تەكنیكی بۆ چارەسەری پرسی نەوت رێككەوتن
نێچیرڤان بارزانی و عەبادی لەسەر گفتوگۆی تەكنیكی هەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەری پرسی نەوت رێككەوتوونن.

رۆژی دووشەممە 29-8-2016 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی شاندێكی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبووەوە.

بەپێی راگەیێندراوێكی ماڵپەڕی حكومەتی هەرێم كوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا عەبادی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوەری بۆ بەغدا دەربڕیووە. هەردوولاش بەردەوامیی گفتوگۆ و دانوستاندنەكانی نێوان هەولێر و بەغدایان بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێك بۆ كێشەكان و سروشتی پەیوەندیی داهاتووی نێوان هەردوولا، كە لە بەرژوەندیی عێراق و هەرێمی كوردستاندا بێت، دووپاتكردەوە.

لە راگەیێندراوەكەدا هاتووە "لە كۆبوونەوەكەدا بابەتی بەرهەمهێنان و دابەشكردنی نەوت و مافەكانی هەرێمی كوردستان و كەركووك خرایەڕوو. لەو بارەیەوە لەسەر ئەوە رێككەوتن كە گفتوگۆی تەكنیكی لەنێوان هەردوو وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و سەرچاوە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت".

شاندی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاری و هەماهەنگیی نێوانیان لە پرۆسەی ئازادكرنەوەی موسڵ و پابەندیی هەموو لایەك بە پلانی ئازادكرنەوە و بەهاناوەهاتنی خەڵكی سڤیل و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنی خۆیان و دەركردنی داعش، دووپاتكردووەتەوە، هەروەك گرنگیی یەكهەڵوێستی و هاوكاریی نێوان هەموولایەك جەختی لەسەر كراوەتەوە.

هاوكات نێچیرڤان باروانی پیرۆزبایی لە سەرۆكوەزیرانی عێراق كردووە، بۆ ئەو سەركەوتنانەی كە سوپای عێراق لە بەرەكانی جەنگدا لە دژی داعش بەدەستیان هێناوە و هیوای خواست سەركەوتنەكان تاوەكو بنەبڕكردنی داعش لە عێراق بەردەوام بن.

نێچیرڤان بارزانی و عەمار حەكیم كۆبوونووە

لە بەرەوامیی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، پاشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 29-8-2016 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری، لەگەڵ عەمار حەكیم، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراقی كۆبووەوە.

بەپێی راگەیێندراوێكی ماڵپەڕی حكومەت، لە كۆبوونەوەكەدا دوایین پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆر و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەسەر داعشدا لە بەرە جیاوازەكانی جەنگ تاووتوێكراوە.

نێچیرڤان بارزانی و عەمار حەكیم جەختیان لەسەر گرنگیی هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان لە ئۆپەراسیۆنەكانی رزگاركردنی شاری موسڵ كردووەتەوە.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، باس لە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كراوە و جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی گفتوگۆ و لێكگەیشتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نەوت و بودجە و مادەی 140 و تەواوی ئەو كێشانەی لەنێوان هەردوولا دان، كرایەوە.

بەپێی ماڵپەڕی حكومەت، باس لە گرنگیی بەردەوامی هاوپەیمانی شیعی- كوردستانی بۆ بەرژوەندیی عێراق و هەرێمی كوردستان بە تەواوی پێكهاتەكانییەوە، كراوەتەوە.

پرۆسەی سیاسیی عێراق و ناكۆكییەكانی نێوان لایەنەكان و گرنگیی هەبوونی كەشێكی ئارامی سیاسی لە عێراق و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و لایەنەكان و ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنەوەی شاری مووسڵ و واقعی نوێی قۆناغی دوای ئازادكرنی شارەكە، لایەنێكی دیكەی كۆبوونەوەی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی.

شاندی هەردوولا هاوڕابوون كە پێویستە هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لەسەر تەواوی كێشەكان و سرووشتی پەیوەندیی داهاتووی نێوان هەولێر و بەغدا لە گفتوگۆ و دیالۆگی بەردەوامدابن، بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەر و لێكگەیشتنێكی وا كە لە بەرژوەندی هەرێمی كوردستان و تەواوی عێراقدا بێت.



رووداو
Top