سەرۆکی ئەنجومەنی شاری شنگال: پەكەكە 45 كچ و ژنی ئێزدی ڕفاندووە
وەیس نایف، سەرۆكی ئەنجومەنی شاری شنگال، بە ئاژانسی (ئەنادۆڵو)ی ڕاگەیاند: “تاوەکوو ئێستا شنگال ناوچەیەكی سەربازییە، هەروەها ناكۆكیی سیاسی لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا هۆكاری سەرەكیی نەگەڕانەوەی خەڵكەکەیەتی، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەكەكە) لە ناوچەكە كێشەیە، دەبێت شنگال چۆڵ بكەن، هیچ ئیشیان لەوێ نەماوە، هاوشێوەی ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە پاش تەواوكردنی ئەركە نیشتمانییەكەیان لە شەڕی كۆبانێ، گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، بەو شێوەیەش دەبێت پەكەكە بگەڕێتەوە شوێنێ خۆی، بە تەنها فەرماندەیی شنگال نزیكەی هەشت هەزار پێشمەرگەمان هەیە، هیچ پێویستیمان بە پەكەكە نییە".
وەیس باسی لەوەش کردووە، ئەوان وەكو ئەنجومەنی شاری شنگال، چەندین جار لەگەڵ پەكەكە كۆبوونەتەوە و داوایان لێكردوون، شارەکە چوڵ بكەن، دەشڵێت: ''پێمان گوتن ئەمڕۆ شنگال جیاوازە لە 3\8\2014، ئەمڕۆ پێشمەرگە لێرەیە و مانەوەی ئێوە مەترسییە بۆ سەر ژیانی خەڵك، بەڵام هەر سوودی نەبووە و ناچنە دەرەوە''.
سەرۆكی ئەنجومەنی شاری شنگال لە لێدوانەکەیدا ئاشکرای کردووە: “پەكەكە نە دان بە ئیدارەی شنگال و نە بە قایمقامیەتی شنگالدا دەنێت و ڕێگرن لە ئاوەدانكردنەوەی شارەکە”. دووپاتیشی کردەوە: “پەكەكە لەنێو بارەگای دامودەزگاكانی شنگالدان، بۆ نموونە ناهێڵن بەڕێوەبەری خویندنگەکە بچێتە خوێندنگەکەی و داگیریان كردووە".
وەیس نایف باسی لە هەندێک کاری پەکەکە لە شنگال کردووە و ڕای گەیاندووە: “دابونەریتی خەڵكی شنگال قبوڵ ناكات یەكێك كچەكەی ببات و نەهێڵێت شەش مانگ بیبینێت، ئازاری ئێمە لە دەست داعش چی بوو؟ ئازارمان ئەوە نەبوو كە خانوومان ڕووخاوە یان كوڕەكانمان كوژراون، بەڵكو ئازارمان ئەوەبوو كە دەستدرێژیی کراوەتە سەر كچ و دایكەكانمان، ئێستاش ئەگەر پەكەكە كچەكانمان بباتە قەندیل، گەورەترین كێشەیە، تاوەكو ئێستا پەكەكە 45 ژن و كچی ئێزدی رفاندووە و دەیانباتە قەندیل، وەك خۆیان پەروەردەیان دەكەن و كەسوكاریان بێئومێد دەبن لە بینینیان”.
باسنيوز
