فرسەت سۆفی: ھەندێك لایەن لەسەر بنەمای ھەڵە پشتیان بە بەغدا بەستووە
ئەمڕۆ دووشەممە (29/8/2016)، فرسەت سۆفی، ئەندامی لێژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: " ھەندێك لایەن لە ھەرێمی كوردستان بە لێپرسینەوەی وەزیری دارایی بەغدا دڵخۆشن، بەڵام ئەوە كورت بینانەیە، چونكە ئەوەی لە بەغدا دەگوزەرێت تەنیا حیساباتی تایفی و مەزھەبییە".
فرسەت سوفی ڕوونی كردەوە، ئەو دڵخۆشییەی ھەندێك لایەنی سیاسی لە ھەرێمی كوردستان بە لێپرسینەوە لە وەزیرێكی سەر بە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا ھەیانە، كورت بینانەیە و ناكرێت لەسەر خوێندنەوەی ھەڵە پشت بە بەغدا ببەستین.
ئەو ئەندام پەرلەمانە ، گوتی: "پێشتر شانازیمان یەكڕێزی لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان لە بەغدا بوو، بەڵام خەریكە ئەوە شانازییەمان لەدەست دەچێت، ئەوە لە كاتێك دایە كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش یەكدەنگ نین، ئەوەش پێگە و كاریگەرییەكانمان لەسەر ئاستی دەرەكی لاواز دەكات".
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان پێی وایە، بوون یان نەبوونی كورد لەبەغدا ھیچ قازانجێكی نییە و ھەندێك لایەنی كوردی بەھەڵە پشت بە عێراق دەبەستن.
باسنیوز
