قایمقامی چەمچەماڵ: 3 هەلیکۆپتەر لە هەولێرەوە هاتوونەتە ناوچەکە و تەقەیان کردووە

 قایمقامی چەمچەماڵ: 3 هەلیکۆپتەر لە هەولێرەوە هاتوونەتە ناوچەکە و تەقەیان کردووە
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە بارەی قسەکانی قایمقامی چەمچەماڵ کە گوتبووی: “3 هەلیکۆپتەر لە هەولێرەوە هاتوون و تەقەیان کردووە”، هاتە دەنگ و داوای کرد، لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 29\8\2016، ئامانج محەمەد، قایمقامی چەمچەماڵ بە میدیاکانی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی ڕاگەیاندووە: “شەوی ڕابردوو، 3 هەلیکۆپتەر لە هەولێرەوە هاتوونەتە ناوچەی ئاغجەلەر لە سنووری چەمچەماڵ و تەقەیان کردووە، بەو هۆیەشەوە ترسێکی زۆر لەنێو خەڵکیدا بڵاو بووەتەوە”. باسیشی لەوە کردووە کە بەهۆی تەقەکردنەکەوە زیان بەر ڕەز و باخی هاووڵاتییان گەیشتووە.

لە لایەن خۆیەوە، نازم کەبیر، بڕیاردەی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایشی خۆجێیی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: “دەبێت حکوومەت ڕوونکردنەوە لەو بارەوە بدەن و دەزگا ئەمنییەکانی چەمچەماڵ دەبێت لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە بکەن، بۆ ڕای گشتی ڕوون بکرێتەوە”. هاوکات پرسی کرد: “ئەوان دەڵێن لە هەولێر هاتووە، بۆ هاتووە؟ چۆن لە هەولێرەوە هاتووە؟ بۆ تەقەی کردووە؟ ئەمانە دەبێت بۆ ڕای گشتی ڕوون بکرێتەوە، ئێمەش بەدواداچوون دەکەین و دەبێت حکوومەت لەسەر خەت بێت بۆ ئەم بابەتە و لێکۆڵینەوە بکرێت".

ئەندامەکەی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانکەیدا جەختی لەوە کردەوە: “قسەی قایمقامی چەمچەماڵ کەم نییە، دەبێت لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت، پێویستە هەر هەلیکۆپتەرێک بە ئاسمانی ناوچەیەکدا دەڕوات، بە ئاگاداریی ئیدارەی ئەو ناوچەیە هاتوچۆ بکات، بەڵام کێ دەزانێت ئەو هەلیکۆپتەرە سەر بە کوێیە؟”.

لە کۆتاییشدا نازم کەبیر ئەوەی نەشاردەوە کە پێی وایە: “ئەو قسەیەی کە دەڵێت هەلیکۆپتەرەکە لە هەولێرەوە هاتووەتە سنوورەکە، چەواشەکردنی خەڵکە”.












باسنیوز
Top