پەرلەمانتارانی کورد لەبەغدا: ئەگەر بڕیاری سیاسی بدرێت بۆ کوردستان دەگەڕێینەوە

 پەرلەمانتارانی کورد لەبەغدا: ئەگەر بڕیاری سیاسی بدرێت بۆ کوردستان دەگەڕێینەوە
پەرلەمانتارانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژ بەوە دەکەن کە مانەوەیان لە بەغدا، پەیوەندی بە بڕیاری سیاسییەوە هەیە و هەر کاتێک بڕیار درا، بۆ کوردستان دەگەڕێنەوە.

سەلیم شوشکەیی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: “من بە ئاشکرا و لێرەوە ڕای دەگەیەنم، ئەگەر بۆمان بگونجێت، سەربەخۆیی ڕابگەیەنین، یەکەم پەرلەمانتارم بەغدا بەجێ بهێڵم و بۆ کوردستان بگەڕێمەوە".

هەر لەمبارەیەوە کامەران عەبدولعەزیز، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: “ئەوەی پەیوەندی بە سەربەخۆیی کوردستانەوە هەیە، دوودڵی لێ ناکرێت، چونکە لە دروشمەکانمان ئەوەمان ڕاگەیاندووە کە لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان داین”.

لە لایەن خۆشیەوە عەرەفات کەرەم، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند: “چوونی ئێمە بۆ بەغدا بە بڕیارێکی سیاسی بووە و بە بڕیارێکی سیاسیش بۆ کوردستان دەگەڕێینەوە”. جەختیشی لەوە کردەوە: “کاتێک بڕیار لەسەر سەربەخۆیی کوردستان دەدرێت، ئێمەش بۆ کوردستان دەگەڕێینەوە و دەبینە دەوڵەت و خاوەنی کیانی خۆمان".









باسنیوز
Top