ئەمڕۆ شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات
سەفین دزەیی، گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی حكوومەتی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 29\8\2016، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری، سەردانی بەغدا دەکەن و لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی فیدراڵ کۆدەبنەوە.
دەربارەی ئەو كۆبوونەوە و دیدارانەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ئەنجامیان دەدات، دزەیی ئاشکرای کردووە: “نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ هەریەك لە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیكەی حكوومەتی فیدرال كۆبوونەوە و دیدار ئەنجام دەدات”.
گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردووەتەوە، سەردانەكە ئاسایی یە و بابەتی گفتوگۆكان، بواری ئەمنی و پرۆسەی ئازادكرنەوەی شاری مووسڵ و پەیوەندییەكانی داهاتووی نێوان هەولێر و بەغدا و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار دەبن.
پێشتر وەزیری نەوتی عێراق ڕای گەیاندبوو کە دەکرێت هەولێر و بەغدا سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت ڕێک بکەون، دواتریش جێگرەکەی ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەگەر هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردەکردنی نەوت ڕێک نەکەون، ئەوا بەغدا پەنا بۆ ڕێگا چارەی دیکە دەبات کە یەکێک لەوانە، ئەگەری هەناردەکردنی نەوتە لە ڕێگای ئێرانەوە.
باسنیوز
