کاتی گەڕانەوەی ئاوارەکانی فەلوجە ڕاگەیەنرا

کاتی گەڕانەوەی ئاوارەکانی فەلوجە ڕاگەیەنرا
سوهەیب ڕاوی پارێزگاری ئەنبار ئەمڕۆ ٢٨ی ئابی ٢٠١٦ ئاشکرایکرد، مانگی داهاتوو ئاوارەکان دەگەڕینەوە بۆ قەزای فەلوجە و ناحیەکانی دەوروبەری.

لەبەیاننامەیەکدا کە لەلایەن نوسینگەی پارێزگاری ئەنبارەوە بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوە دەکات ئەمڕۆ سوهەیب ڕاوی سەردانی بارەگای فەرماندەیی هێزەکانی پیادەی کردووە لەبەغدا، بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەیەک کە تەرخانکرابوو بۆ گێرانەوەی خێزانە ئاوارەکانی قەزای فەلوجە و دەوروبەری.

پارێزگای ئەنبار ڕایگەیاند، مانگی داهاتوو دەستدەکەن بە گێرانەوەی ئاوارەکان بۆ قەزای فەلوجە و ناوچەکانی دەوروبەری، ئاماژەی بەوەشکرد حکومەتی ناوخۆیی کاردەکات بۆ لابردنی هەموو بەربەستەکان لە بەرامبەر گەڕانەوەی خۆویستانەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان.

پرۆسەکەش بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان و فەرماندە ئەمنییەکانی پارێزگای ئەنبار دەبێت.

دوای دوو ساڵ لە کۆنترۆڵکردنی لەلایەن ڕێکخراوی داعشەوە، سوپای عێراق بە هاوکاری هێزەکانی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکان و پشتوانی ئاسمانی فرۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان، ڕۆژی ٢٦ی حوزەیرانی ئەمساڵ قەزای فەلوجە کۆنترۆڵکرایەوە.
NRT -
Top